کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جینا هاسپێل تیمەکەی ترامپی کامڵ کرد

11:55 - 2 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە ڕێوڕەسمێکدا بە بەشداری دانڵد ترامپ، مایک پێنس و مایک پۆمپێئۆ، سەرۆکی نوێی ڕێکخراوی "سیا" سوێندی یاسایی خوارد.

جینا شێری هاسپێل، ئەفسەری پێشووی دەزگای زانیارییەکانی ئامریکا کە دانڵد ترامپ وەکوو جێنشینی پۆمپێئۆ بە کۆنگرەی ئامریکای ناساندبوو، بە ٥٤ دەنگی ئەرێنی سێنا، وەک سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە هەڵبژێردرا و لە بەردەم سەرۆک، جێگری سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئامریکا سوێندی یاسایی خوارد.

جینا هاسپێل لە ئاخاوتنێکدا سەبارەت بە بەرنامەی کاریی خۆی وتی، ئەوەیکە بۆ من گرینگە کارکردن لەسەر ئەم بابەتانەیە: بردنەسەری توانایی کەڵک‌وەرگرتن لە زمانە بیانییەکان، بەهێزترکردنی هاوکارییەکانی نێوان سیا لە ئاستی نێونەتەوەیی و نێوخۆیی، کەڵک‌وەرگرتنی زیاتر لە ئەفسەرەکانی سیا لە بیاڤی دەرەکی و خەبات بەدژی تێرۆریزم.

هاسپێلی ٦٢ ساڵە کە ماوەی ٣٣ ساڵە لە خزمەت ڕێکخراوی سیادایە، بە کەسێکی شارەزا لە کاروباری سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاری بەتایبەت لە بواری تێرۆریزم ناسراوە؛ هەروەها ناوبراو لای ئامریکاییەکان کەسێکە کە زۆر سەرسەختانە کار دەکات و باوەڕی بە توندوتیژیش هەیە.

کارناسان و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە هەڵبژێرانی ناوبراو بۆ ئەم پلە گرینگ و هەستیارە هاوتەنیشت لەگەڵ بوونی مایک پێنس و مایک پۆمپێئۆ و جان بۆڵتۆن و چەندین ژێنراڵ و سیاسەتمەداری دیکە لە کابینەی ترامپ، تیمی کاریی ناوبراو بۆ خەبات لە دژی تێرۆریزم و کۆماری ئیسلامی کامڵتر دەکات.

هەروەها پشتیوانانی ڕێژیم پێیان وایە دیاریکردنی جینا هاسپێل وەک سەرۆکی سیا و بوونی کابینەیەکی دژە تێرۆریزم نیشانەی هەوڵی جیددی ئامریکا بۆ ڕووخاندنی رێژیمی تارانە.

هاسپێل خاوەنی ئەزموونێکی زۆر و بەربڵاو لەبواری سیخوڕی نێونەتەوەییە و چەندین جار تاکوو ئێستا بەرپرسایەتیی پڕۆژە جۆراوجۆرە بان‌سنوورییەکانی لە ئەستۆ بووە؛ هەروەها لە پۆستی جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی سیا، کاری بەڕێوەبەریی ئیدارەی کاروباری نهێنی نیشتمانی لە ئەستۆ بووە؛ بەهۆی چالاکییە بەردەوام و سەرکەوتووانەکانیشی لە کاروباری دژە تێرۆریزم، لەلایەن جۆرج دەبلیو بووشەوە مێداڵی شانازی پێ بەخشرا کە باڵاترین مێداڵە کە کۆشکی سپی دەیدات بە کارمەندەکانی دەوڵەت.