کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جینایەتکار و جەلادێکی دڵڕەش و دژەئازادی بووە سەرۆکی ئێران

13:17 - 2 پووشپەڕ 2721

محەممەد سلێمانی

کاتێک ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئێران لە میدیاکاندا بڵاو کرایەوە، کە دەرکەوت جینایەتکارێکی مرۆڤکوژی پەسندکراوی ڕێبەریی باڵای ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران "ئیبراھیم ڕەئیسی" بە پشتیوانیی توندئاژۆ و فێڵباز و قۆڵبڕەکانی نێو بازنەی دەسەڵاتی سیاسیی ویلایەتی فەقیهـ وەک براوەی ئەو ھەڵبژاردنە ڕاگەیەندرا، لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوەدا لێکدانەوەی جۆربەجۆری لێکەوتەوە کە چۆن دەکرێت بکوژی بەندکراوانی سیاسی و بێ سەروشوێنکردنی بە هەزاران لە ڕۆڵەکانی گەلانی وڵات براوەی ئەو هەڵبژاردنە سێحراوییە بێت کە وەک تاوانباری دژ بەمرۆڤایەتی ناسراوە!!

ڕەئیسی لە یەكەم دەرکەوتنیدا پێداگریی لەسەر سیاسەتی دژایەتیی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئامریکا و ناوچەکە کردووە و هەرچەندە لەلای خۆیەوە قەوڵی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی داوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هیچی لەدەست نایە لەبەر ئەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات بە تەواوی بەسەر یەكدا ڕووخاوە و توانا و هێزی چارەسەرکردنیان نییە و لە درێژەی لێدوانەکەیدا دژایەتی خۆی لەگەڵ ئامریکا ڕاگەیاند و بە ڕوونی گوتی کە ئامادە نییە لەگەڵ "جۆ بایدنـ"ـدا سەبارەت بە کۆی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان کۆ ببێتەوە.

گەلی کورد لەڕێگای بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنانەوە خۆی لە  دەنگدان بە بکوژی  ڕۆڵەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاراست و دەنگی پێ نەدا، کە ئەوەش  نیشانەی  ڕەدکردنەوەی کۆی بەربژێر و ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بوو بەگشتی و  بێزاری و ناڕەزایەتیی خەڵکی کوردستان سەبارەت بە حکوومەتی تاران. دیارە هیچکام لە سەرکۆمارەکانی ڕابردوو نەیانتوانیوە بە قازانجی خەڵك هەنگاو بنێن و ئازادی و نان و ژیانی سەردەمیانە بۆ گەلانی وڵات دابین بکەن، جگە لە سەرکوتی ئازادی و دژایەتیی ڕەهەند و بیروڕا جیاوازەکان و توندترکردنی کەشی ئەمنییەتی و پۆلیسی بەسەر ژیان و کەرامەتی خەڵكدا.

ھەرکەسێک تۆزێک ویژدان و وشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ھەبێ و ئاگاداری مێژوو و دۆسییەی ڕەشی "ئیبراھیم رەئیسی" بێت کە دەستێکی باڵای لە جینایەت و گرتن و لەسێدارەدانی بێئەژماردا لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا هەبووە و بەشێکی بەرچاو لە گیراوانی سیاسی لە سەردەمی حوکمی ئەو دڵڕەقەدا تا ئێستاش چارەنووسیان ناڕوونە و بنەماڵە و کەس و کاریان هیچ جۆرە زانیارییەکیان لەسەر ڕۆڵە بێ سەروشوێنەکانیان نییە و بەردەوام چاوەڕێی گەڕانەوەیان دەکەن، لەکاتێكدا بەندکراوە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە بە گوێرەی زۆر سەرچاوەی نێوخۆی زیندەبەچال کراون و لە ژیاندا نەماون بەهۆی حوکمی غەدارێکی وەک ڕەئیسی.

کۆمەڵێک ناوەند و وڵاتی ناوچەیی و گێتی و بە دیاریکراوی ئامریکا، بە ئاکامی هەڵبژاردنی ئێران دڵخۆش نین و  لەو بڕوایەدان دەسەڵاتەکان هەمووی لەدەستی ڕێبەردان و سەرۆکی وڵات جگە لە گوێڕایەلێک دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە و کێشە و ئاڵۆزییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر بەرەو شلوێبوون دەچێ و ڕەئیسی بە فیتی خامنەی سەرۆکایەتی وڵات دەکات و بە بێ ئیزنی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەست بۆ نێو ئاو نابات و بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەو زاتە بێ خێرە هەرچیەک بێ، ئەو بەڕێوەی دەبات.

ئیبراهیم ڕەئیسی پەیوەندییەکی بەهێز و پتەوی لەگەل گەورە تێرۆریستانی وڵاتەکەی  و دەرەوەی تاران هەیە و بەردەوام بەشداریی لە پیلانگێڕییە ڕەشەکۆژانەکان لەسەر ئاستی نێوخۆ و سنوورەکانی دەرەوەی وڵاتدا کردووە.

 کەوابوو ئەوجار قەیرانەکان زیاتر قورسایی لەسەر هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان دروست دەکەن و ئامریکا و وڵاتانی تری گێتی وەک ڕابردوو، سەبارەت بە قەیرانی ناوەکی هاسانکاری بۆ تاران ناکەن و بە گرینگی دەزانن، ئێڕان ناچار بە پابەندبوونی بە ڕێککەوتنێکی نوێ بکەن کە تێیدا تاران هەوسار بکرێ و دەرفەتی هەستانەوەی پێ نەدرێتەوە.

 لەحاڵێكدا حکوومەتی ئاوخوندی لەمەوبەدوا سیاسەتێکی تر لەو بارەوە دادەڕێژێ و ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین، ئەحمەدی نژاد کە سەرکۆماری ئێران بوو بە ڕاشكاوی  گوتی:   "پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ئێران وەک وڵاتێکی خاوەن چەکی ناوکی قبووڵ بکەن  و ئێران پێویستی نییە لە هەنگاوەکانی پاشگەز بێتەوە.

 بێگومان زیندووکردنەوەی ئەو بیرۆکەیە سەر و ملی خامنەیی و کاربەدەستانی وڵاتی گرتووە و ئیدی بە باشیش بیر لە بەرئەنجام و ڕووداوەکانی ئەو سەرپێچی و کەلەڕەقییە ناکەنەوە و وڵات بەرەو هەڵدێر و ئاڵۆزی زیاتر دەبن و ئەوەی لەو نێوانەشدا زیانی بەردەکەوێت گەلانی پێکهێنەری ئەو وڵاتەن بە پلەی یەکەم.

کاتێک ئامریکا گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر تارانی توند کرد و قەیرانی گەورەی دارایی و کۆمەڵایەتی ڕووی لەو  وڵاتە کرد، کرێکاران و زەحمەتکێشان لە هەموو بەشەکانی ئێران بوون بە قوربانیی یەکەمی ئەو قۆناخە سەخت و دژوارە و تا ئێستاش هەژاری و بێکاری هێزی لەبەر خەڵک بڕێوە و سەرکۆماری نوێ کە بە بکوژی بەکۆمەڵی لاوانی وڵات و ئازادیخوازان ناسراوە، کارێک ناکات بە قازانجی گشتی بێ و قەیرانەکان زیاتر دەردەکەون و بارودۆخی ئابووری و بێکاریش بەرەو باشتربوون ناچێت.

ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بەدرێژایی تەمەنی ٤٢ ساڵەی جگە لە سەرکوت و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و نکۆڵی کردن لە ماف و ئازادیی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد و گەلانی تری وڵات و دژایەتی کردن لەگەڵ دێموکراسی و یاغیبوونی لە  ئازادییە دێموکراتیکەکان و ڕەچاونەکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ڕێزنەگرتن لە پێگە و بیر و ڕەهەندە سیاسی و فیکرییە جیاوازەکان، شتێکی ئەوتۆی نەکردووە کە خەڵک بە هاتنە سەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی سەر و دڵیان بکرێتەوە و هەست بە ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان بکەن.

کاتێک دەرکەوت کە سەرەڕای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شۆڕاکانی شار و گوندەکان لەلایەن خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەدکردنەوەی دەسەڵاتی ڕەشی ئاخوندی بەسەر چارەنووسی گەلانی وڵاتدا، مرۆڤێک لە پرۆسەی دەنگدان سەردەکەوێت کە بڕیاری ڕەشەکوژی و پاکتاوی نەتەوەیی بەدژی گەلانی تری وڵات و بەدیاریکراویش ڕۆڵەکانی گەلی کورد دەرکردووە و لەمەوبەدواش بەدڵنیاییەوە  سیاسەتێکی ڕەقتر بە دژی نەیار و دژبەرانیان بەڕێوە دەبات و ئەوجار خۆی وەک سەرکۆمار کاراتر بڕیاری لەسێدارەدان بەسەر نەیار و جیابیرانی نێوخۆییدا دەسەپێنێ، چونکە ئەزموونێکی باشی لە قەڵاچۆ و بڕیاری کوشتنی بەکۆمەڵدا هەیە و خامنەیی بە تەواوی دەستی ئاوەڵا دەکات هەتا وەکوو دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی جەنایەتەکانی بەڕێوە بەرێت.

وڵاتێكی وەک ئێران  کە سەرۆکێکی ئەوتۆ جینایەتکاری وەک سەرکۆمار هەڵبژێرێت، کە خاوەنی مەلەفی ڕەش و دۆسییەی لیپاولیپ بێت لە جینایەت و بڕیاری لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی بەسەر هەزاران مرۆڤی ئازادیخواز و بێتاواندا دابێت، چۆن دەکرێت چاوەڕوانی ئاسایش و پێشکەوتن و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لێ بکرێ و ژیان و گوزەرانی خەڵک سەرەڕایی قەول و بەڵێنییەکانی کە هەولێ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و دەرفەتی بووژانەوەی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووری ئێران دەدا، جگە لە قسەی بێ کردار شتێکی تر ڕوو نادات.

 لە یەکەم دیداری ڕۆژنامەوانیدا، دژایەتیی خۆی لەگەڵ ئامریکا ڕاگەیاند و بە ڕوونی گوتی ئامادە نییە لەگەڵ "جۆ بایدنـ"ـدا کۆ ببێتەوە.

ڕێژیمی تاران ھەوڵی زۆری دا ڕێژەی بەشداری لە شانۆی هەڵبژرادنی  پڕ لە سیحریان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات و متمانە و پشتیوانیی خەڵک لە ئێستادا  بۆ نیزامی ئاخوندی ڕابکێشنەوە و بەوجۆرە دڵی خەڵک بەدەست بێننەوە.

دیارە ئاکامی ئەو ھەڵبژاردنە دەری خست کە مەودای نێوان دەسەڵات و گەلانی ئێران بە ڕادەیەک لێک ترازاوە و دوور کەوتۆتەوە، چاوەڕوانی ھاتنە مەیدان و ڕاپەڕینی شەقامی سیاسیی ئیران بە دژی ئەو ڕێژیمە لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر بووە و کاتێک بکوژێک و قاتڵێک دەبێتە سەرکۆمار، جگە لە قووڵتربوونەوەی ئازاری لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان، شتێكیان نییە کە بە حکوومەتی ئاخوندییان گرێ بداتەوە.

گەلانی ئێران ئەوجار بە باشی لەو ڕاستییە تێگەیشتوون کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بووەتە بەڵا بەسەر شان و ملی نەتەوەکانی وڵاتدا و لەڕێگای ڕاپەڕین و خەباتی فراوانی سیاسی و چەکدارییەوە نەبێت، لە دەسەڵات دەست هەڵناگرن و وڵات بەرەو وێرانی و کاولکردنی زیاتر دەبەن و شوێنەوارێک لە ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ھەر وەک بوونی نەبووە، گوشارەکانی سەر ناوەندە مەدەنی و چالاکانی ژینگە پارێز زیاتر دەبێت و حکوومەتی نوێ کارێک دەکات لەڕێگای سیاسەتی ڕەقترەوە بەسەر ئیرادەی ڕێزگاریخوازیدا زاڵ بن.

کاتێک زۆرینەی خەڵک دەنگی "نا"ی بەو ڕێژیمە دا، ئیدی لە ھیچ ڕوویەکەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران  شەرعییەتی بەلای خەڵکەوە نەماوە و ھەر وەک ساڵانی ڕابردوو بەزۆر و بەھێز خۆیان بەسەر چارەنووس و داھاتووی گەلاندا سەپاندووە و ئەگەر دۆخەکە هەروا بڕواتە پێش، دەکرێ چاوەڕوانی گۆڕانکاریی خێراتر بکەین لە داهاتووی سیاسیی وڵاتدا.

تاران لەڕێگای ئەو ھەڵبژاردنە و سەرکۆماری نوێوە بە دڵنیاییەوە ناتوانێت حکوومەتی ئاخوندی لە کۆی قەیران و شڵەژانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ڕزگار بکا و باڵانسی چارەنووسی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باشتر بکەن، کە دەمێکە کاری بۆ دەکەن، بەھۆی ڕوانین و بیرکردنەوەی سیاسی و خۆفەڕزکردنیان بەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پەرەپێدان بە ئاژاوە و گێرەشێوێنی ناوچەییەکاندا.

دەسەڵاتی ئاخوندیی ئێران لە قەیران و ململانەی گەورەدا دەژی و بارودۆخی سیاسی و ئابووری نێوخۆی بەڕادەیەک تێکچووە کە ئەگەری ھاتنەمەیدانی خەڵک بە دژی نیزام زۆرتر بووە و ئەگەری زۆرە کۆمەڵێک هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی ببنە پاڵنەری بزووتنەوەیەکی فراوانی سیاسی لەسەر ئاستی وڵاتدا بە دژی ئەو ڕێژیمە و لەڕێگای گوشارەوە نەبێ دەسەڵاتدارانی تاران واز لە حوکمڕانی بەسەر چارەنووسی گەلاندا ناهێنن.

هاوخەباتیی هێزە سیاسی و تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێکەوە کارکردنی گەلی کورد لە نێوخۆدا سەرەڕای هەبوونی ڕەهەند و بیروڕا جیاوەزەکان، حكوومەتی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی نیگەران کردووە. دەمێکە حکوومەتی ئاخوندی کە بە سەرچاوەی فیتنە و ئاژاوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەهۆی سیاسەتی شەڕەنگێزانە و دژایەتیی هەرێمایەتی و شڵەژاندنی دۆخی سیاسیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسراوە و بە تەواوی کەوتووەتە بەر هێرش و گوشاری زیاتری نێودەوڵەتی و سزا ئابوورییەکانی سەر ئەو وڵاتەش هەمووی بەرهەمی هەڵویست و سیاسەتی خراپی سەرانی خۆ بەزلزان و دژبەری ئازادیی سیاسییە لە ئێراندا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.