کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جینایەتێک لە ژێر ناوی "پاراستنی نامووس"

16:55 - 12 رەزبەر 2721

ئاسۆ منبەری

ڕۆژانە گوێمان لە هەندێ هەواڵ دەبێت کە بە قووڵ بوونەوە لە ناوەرۆک و نێوئاخن و هۆکارەکانی، بێزمان لە مرۆڤ بوونی خۆمان دەبێتەوە، هەواڵگەلێکی دڵتەزێن کە ڕەنگە تا ساڵەهای ساڵ لە مێشکماندا بمێننەوە و بە دووپاتبوونەوەی ڕووداوی لەو چەشنە، ئازارەکەیان سەرلەنوێ ڕووحمان تووشی شڵەژان بکات.

ساڵانێکە لە نیشتمانی ئێمەدا، کۆمەڵێک جینایەت لە ژێر ناوی "پاراستنی نامووس"، پاساویان بۆ دەهێنرێتەوە، کۆمەڵێک کەس دەبنە قوربانی، کۆمەڵێکیش میداڵیای شەرەفپارێزی لە سینگیان دەدەن و لەسێبەری نەبوونی یاسای درووست و ئینسانیدا، فەخر بە جینایەتکاربوونی خۆیانەوە دەکەن و زۆر ئاسایی درێژە بە ژیانیان دەدەن!

کێ وتوویەتی کە باوک مافی هەیە کچەکەی بکوژێت تەنیا بەو تاوانەی کە کەسێکی خۆش ویستووە؟ کێ وتوویەتی کە برا مافی هەیە خوشکەکەی لەت لەت بکات تەنیا بەهۆی ئەوەی کە بە حەزی ئەو ناجووڵیتەوە؟ کێ وتوویەتی پیاو خاوەنی ژنە و هەرکاتێ ویستی ئەتوانێ بە کفنەوە ڕەوانەی گۆڕستانی بکات؟

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تاڵانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاتێک دڵتەزێنترە کە هەندێک بەناو مرۆڤ، لایەنی ناحەق دەگرن و وەک بڵێی ژن و کچی ئەم کۆمەڵگایە کاڵای نێو  ویترینی فرۆشگاکانن، ئیزنی کڕێن و فرۆشتن و تەنانەت لەنێوبردنیان بۆ خۆیان بە ڕەوا دەزانن، کە نەکا شەرەف و ئابڕوویان ببەنە ژێر پرسیارەوە!

ئەم کەتوارە ئێجگار دڵتەزێنە، چوارچێوەی ماڵ و بنەماڵە کە دەبێ باشترین پەناگە بۆ هەر تاکێک بێت، بووەتە قەسابخانە و جەلادەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندان، مەگەر کچ و کوڕ چ جیاوازییەکیان هەیە کە تەنیا لادانی کچ لە یاساکانی بنەماڵە پێناسەی بۆ کراوە؟ ئایا کوڕەکانمان هیچکات هەنگاوێکی ناڕاستیان هەڵنەگرتووە؟

 ژیان پڕە لە ئەزموون، هەرکەس بە جۆرێک شتەکانی دەوروبەری ئەزموون دەکات و ڕەگەز هیچکات نابێ ڕۆڵێکی ئەوەندە قورس ببینێ لە بۆ تاوانێکی هاوبەش، سزای کچ زیاتر لە کوڕ بێت.

مرۆڤ خولقاوە تاکوو ئەزموون بکات، تاکوو فێری خۆشویستن ببێت، تاکوو هەڵە بکات و فێری شتی باش ببێت، بەڵام نە بەلاڕێداچوون تاوانە و نە هەڵەکردنیش سزای مەرگە.

درووستکردنی هەندێک چوارچێوەی باو لە کۆمەڵگا و بنەڕەتی بوونەوەی هەندێ باوەڕی هەڵە وای کردووە کە تاکەکانی کۆمەڵگا تووشی لادانی کۆمەڵایەتی بن، هەر لە ماوەی رابردوودا بە چەندین جۆر تاوان لە ژێر ناوی "قەتڵی نامووسی" لە کوردستاندا ڕوویان دا کە دڵی مرۆڤ دەخەنە ژان؛ بەڵام ئەی بۆ کۆتاییان پێ نایەت؟!

لە کۆمەڵگایەکدا کە پڕە لە کێشەی ئابووری و لێوڕێژ لە دەرد و ئازارە، هەموو تاکەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان قوربانین. باوکێک کە پاش ٢٢ ساڵ ڕەنج و چەرمەسەری دەبێتە بکوژی منداڵەکەی، دایکێک کە بە قسەیەکی بچووک دەوروبەر بەنیسبەت منداڵەکەی هەستیار دەکاتەوە، برایەک کە خۆی بە پاسەوانی خوشکەکەی دەزانێت، هاوسەرێک کە خۆی بە کڕیاری هەست و جەستەی هاوسەرەکەی دەزانێت هەموویان و هەرکامەیان بە شێوازێک قوربانیی چەقبەستوویی بیری کۆمەڵگان بەڵام لەم نێوانەدا ئەوەی کە دەکەوێتە بەر ئازار و زۆر نامرۆڤانە گیانی لێ ئەستێندرێت، ژنە! وەک بڵێی ژن تەنیا بۆ ئەوە خولقاوە کە بمرێت.

لەم ساڵانەدا ئەوەندە گوێمان لە هەواڵی لەم چەشنە بووە لە ئیتر خەریکە ئەم دیاردە قیزەونە لە لامان ئاسایی دەبێتەوە، هەر ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەردەوامبوونی.

باوک و برا ئەگەر گوێگر و هاوڕێیەکی باش بۆ کچ و خوشکەکەیان بن، ئەگەر کچەکان لە ماڵەوە هەست بە ئارامی و دڵنیایی بکەن، بە دڵنیاییەوە متمانەیەکی دوولایەنە درووست دەبێت کە پێویستی بە شاردنەوەی هەندێک راستی نابێت کە لە کۆتاییدا جینایەتێک بەدوای خۆیاندا بێنن و لە دواییشدا کۆمەڵگا تووشی دڵەڕاوکێ بکەن و ژنان و کچانیش زیاتر لە پێش تووشی نیگەرانی و ترس.

کۆمەڵگا کاتێک ئەتوانێ شوێنێکی ئارام و جێی متمانە بێت کە تاکەکان گوێ لە یەکتر بگرن، تووڕەیی خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن و هەوڵ بدەن بە ئارامی و لە ڕێگەی لۆژیکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.

بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی کە لە قۆناغی ئێستادا ئەبێ بکرێت، وتنی "ڕاوەستە"یەکی ئێجگار قایمی کۆمەڵگای کوردستان بەم دیاردە قیزەونەیە، ئەوە تاکەکانی کۆمەڵگان کە دەبێ ڕاشکاوانە و لێبڕاوانە، "نا"یەکی قایم بەم جیانەیەتانە بڵێن و نەهێڵن چیدیکە بیری دواکەوتووی سونەتی ببێتە مایەی گیان لەدەستدانی کچان و زیندەبەچاڵبوونی هەزارانی ئاوات و ئارەزوو.

ئەم کەتوارە دڵتەزێنە چارەسەر دەبێت بەو مەرجەی کە هەموومان پێکەوە، هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی هەڵبگرین و چیدیکە ئیزن نەدەین کە کچان و ژنانی ئەم وڵاتە قوربانی بن، ئەوان خوشک و دایکی ئێمەن و قوربانی بوونیان خەسارێکی جێدییە، هەر بۆیە کۆمەڵگای مەدەنی لەم بارەوە زیاتر لە هەموومان دەبێ خۆی بە ئەرکدار بزانێ و هەنگاوێکی کردەیی هەڵبگرێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.