کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیهان لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی ئێران دژکردەوەی نیشان دا

19:25 - 16 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: وڵاتانی جیهان، ئێرانیان بەهۆی پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی لە بەرجامدا، مەحکووم کرد و ئەو کردەیەی ئێرانیان بە پێشێلکردنی بەرجام ناو لێ بردووە.

پاش ڕاگەیاندنی هەنگاوی دووەمی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە بەزاندنی ئاستی دیاریکراوی پیتاندنی ئورانیۆم، لە ٣.٦٧ لەسەدەوە بۆ ٥ لەسەد، زۆربەی وڵاتانی جیهان و ئاژانسی نیونەتەوەیی، کاردانەوەیان لە بەرانبەر بە پێشێلکارییەکانی بەرجام لە لایەن ئێرانەوە نیشان دا.

هەر لەم پەیوەندییەدا، "ئیمانۆوێل ماکرۆن"، سەرکۆماری فەرانسە، ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی پووشپەڕ، چەند کاتژمێرێک پاش ڕاگەیەندراوی فەرمیی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە دەربازبوون لە سنووری دیاریکراو لە بەرجامدا سەبارەت بە پیتاندنی ئورانیۆم، ئەو بڕیارەی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کرد.

بەپێی بەیاننامەی ١٦ی پووشپەڕی "کۆشکی ئێلیزە"، ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێرانیان، بە "پێشێلکردنی ڕێککەوتنی بەرجام" ناو لێ بردووە و مەحکوومیان کردووە.

هەروەها، "بێنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دەستپێکردنی قۆناغی دووهەمی کەمکردنەوەی بەڵێنییەکانی ڕێکەوتننامەی ناوکیی ئێرانی، بە هەوڵێکی "زۆر زۆر مەترسیدار" زانی و داوای لە وڵاتانی ئورووپایی کردووە کە لە دژکردەوە بەرانبەر بەو کردەوەیە، گەمارۆگەلێکی تر بخەنە سەر ئەو ڕێژیمە.

هەر لە کاردانەوە لە بەرانبەر ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕایگەیاندووە کە پاش پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە لە لایەن چاوەدێرانەوە، ئەو بابەتە لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ناوەند دەنێردرێتەوە.

لە درێژەی کاردانەوەی وڵاتانی جیهاندا، وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، هەمان ڕۆژ، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، نیگەرانیی خۆیان، بەنیسبەت ئەو بڕیارەی ڕێژیمی ئێران دەربڕی.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "ئێمە شێلگیرانە لە ئێران داوا دەکەین کە ئەو هەنگاوانەی کە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی بەرجام، بە زووترین کات هەڵوەشێنێتەوە".

هەروەها لە درێژەدا هاتووە: "تێپەڕین لە سنووری دیاریکراوی پیتاندنی ئورانیۆم لەو ڕێککەوتننامەیەدا، هەنگاوێکە بۆ پێشێلکردنی بەرجام".

ئەمڕۆ ١٦ی پووشپەڕ، ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئاستی پیتاندنی ئورانیۆمی ئەو وڵاتە، لە ئاستی دیاریکراو تێپەڕ دەبێت و سنووری دیاریکراو لە ڕیککەوتننامەی بەرجامدا دەشکێنێت و بە شێوەی کردەیی ئەو ڕێککەوتننامەیەیان پێشێل کردووە.