کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێرمی هانت: زیندانیکردنی کەسە دووناسنامەیییەکان بۆ ئێران تێچووی دەبێت

10:37 - 29 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە زیندانیکردنی کەسە دووناسنامەیییەکان بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر بریتانیا کەڵک وەر دەگرێت.

جێرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، کە یەکەمین وەزیری دەرەوەی وڵاتە ئورووپایییەکانە، کە پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام بۆ ئێران سەفەری کردووە، لە دانیشتن لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران و عەلی شەمخانی دەبیری شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەییی ڕێژیم، داوای ئازادکردنی کەسە بریتانیایی ـ ئێرانییەکان لێیان کردووە.

وەزیری دەرەوەی بریتانیا، لە وتووێژ لەگەڵ بی‌.بی.سی باسی لەوە کردووە: "ئێمە ئەم بابەتەمان بۆ بەرپرسان ڕوون کردووەتەوە، کە ئەگەر ئێران بیەوێت لە بابەتی دووناسنامەیییەکان وەکوو ئامرازی گوشاری سیاسی کەڵک وەربگرێت، دەرئەنجامی باشی بۆیان نابێت و بریتانیا ناهێڵێت وەها شتێک ڕوو بدات. بە باوەڕی ئێمە ئەم دۆخە ناتوانێت درێژە بکێشێت. بابەتەکە تەنیا نازنین زاغری نییە، کۆمەڵێک کەسی دیکە هەن، کە بنەماڵەیان نەیانەوێت ناویان ئاشکرا بکرێت. هیچ وڵاتێک لە دنیا نابێ وا بیر بکاتەوە کە ئەگەر شتێکی لە وڵاتێک بوێت، دەبێت هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دەسبەسەر بکات، ئەمە پەسەندکراوی ئێمە نییە.

لەم پێوەندی لەگەڵ زیندانیبوونی نازنین زاغری جەواد زەریف، لە وتووێژ لەگەڵ بی.بی.سی وتوویەتی: "من لە وەها ئاستێکدا نیم کە لە بارەی دۆسیەی ئەو کەسەوە ڕا دەر ببڕم، ئەو کەسە هاووڵاتیی ئێرانییە و دەزگای قەزاییش دەزگایەکی سەربەخۆیە و ئەو کەسەی تاوانبار کردووە".

ڕێژیمی ئێران لەم کات و ساتەی کە لە باری ئابووری و سیاسییەوە گوشاری زۆری بۆ هاتووە و دەستی نیازمەندبوونی بۆ وڵاتانی ئورووپایی ڕاکێشاوە و بەتەمایە ئەو وڵاتانە لەو دۆخە ڕزگاری بکەن، لەگەڵ کەسانێک کە خاوەن دووناسنامەی ئورووپایی ـ ئێرانین بە توندترین شێوەی نامرۆڤانە هەڵسوکەوت و بە تۆمەتی جۆراجۆر زیندانیان دەکات.