کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی نەورۆز لە "دێگەڵە" بەڕێوە چوو

18:54 - 30 رەشەمه 2720

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی ڕێوڕەسمی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێی کوردی لە "دیگەڵە" و لە دوو بڕگەدا بەڕێوەچوو.

بەبۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ، ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ لە کەمپی دێگەڵەی حیزبی دێموکرات بە بەشداری ئەندامانی بەڕێوەبەریی کەمپ، کادر، پیشمەرگەکانی کوردستان و بنەماڵەکانیان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی یەکەی بەڕێوەبەریی کەمپ لەلایەن "عەلی سۆرانی" بەرپرسی کەمپ پێشکەش کرا.

ناوبراو لە سەرەتای پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد: "نەورۆز وێڕای ئەوەی نوێبوونەوەی ڕۆژ و پەرگاری هەتاو و ڕووناکییە، هێمایەکیشە بۆ زاڵبوون بەسەر نائومێدی و بەرەنگاربوونەوەی نەزانی و تاریکی و دیکتاتۆرییەت".

ناوبراو باسی لەوە کرد: "بەدرێژایی مێژوو، دوژمنانی کورد هەوڵیان داوە، نەتەوەکەمان و کولتوور و ڕەسەنایەتیمان لە مانا بەتاڵ بکەنەوە و تووشی لەخۆنامۆبوونمان بکە. بەڵام بە شانازییەوە خەبات و خۆڕاگری ئێمەی کورد، لە زۆربەی قۆناخەکاندا، شکستی بەم پێلانەی دوژمنانی کورد هێناوە و ئێمە هەموو ساڵێ شێلگیرانەتر لە ساڵانی پێشوو، لە پێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانمان، پتەوتر لە جاران و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە لە بەرامبەر دوژمنانمان لە مەتەرێزی بەرگری لە خاک و نیشتمان، فیداکارانە وەستاوین و بەردەوامیش قوربانیمان بۆ داوە و قوربانییشی بۆ بۆ ئەدەین".

لە بەشێکی لە پەیامەکەی ناوبراودا هاتبوو: "ئێمە لە کاتێکدا، هەنگاو دەنێینە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، کە بەداخەوە خەڵکەکەمان لە کۆردستانی ڕۆژهەڵات لە زۆربەی بووارەکاندا لە دۆخێکی خراپدا دەژین. بە تایبەتی لە باری دارایی و بژێو و کار و باری ڕۆژانەیان. بێکاری و هەڵاوسانی لەڕادەبەدەری ئابووری تەنگی بە ژیانی خەڵک هەڵچنیوە و ئەم نوشستە داراییە کاردانەوەشی بووە لەسەر بووارەکانی فەرهەنگ و هونەر و تەندروستی کۆمەڵگاکەمان. بەڵام بە خۆشیەوە، کوردستان هەروەک جاران وریایە و ئەم ڕەوشتە خراپە کاری نەکردووەتە سەر ڕۆحی نیشتمانپەروەری تاک بە تاکی ئەندامانی کۆمەڵگاکەمان.هاتنی پوڵ پۆڵ لەکچان وکورانی نێشتمان پەروەر بۆ نێوریزەکانی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.ئەوراستیەمان بۆ دەردەخا.ب

"سۆرانی" لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: "ڕێژیم حاکم بەسەرنەتەوەکانی ئیران. بە گرتنەبەری سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و پشتیوانی لە تێرۆریزم لە جیهان و ناوچە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ئینزوادایە. کێشە و قەیرانەکەلەکەبۆەکانی وڵاتی ئیران لەهەموو بۆارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری ،نیزامی و ئەمنییەتی نیشانە ڕووخانی ئەم دەسەڵاتەیە، هەر بۆیە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئێمەی کورد لەگەڵ باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران پێویستییەکی حاشا هەڵنگرە.

پاش پەیامی یەکەی بەڕێوەبەریی دێگەڵە، شێعرێک لەژێر ناوی "نەورۆز" لەلایەن شاعیری لاو، "ڕامیار شامۆرادیـ"ـیەوە پێشکەش بە ڕێوڕەسمەکە کرا.

دواتر لەلایەن "هادی عەزیزی"، شارەزای بواری مێژوو باسێک لەسەر دیرۆکی نەورۆز و پێوەندی بە گەلی کورد پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان، خوێندکاران و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن "پێشەوا مەردانی" بەرپرسی کۆمیتەی خوێندکارانی "دێگەڵە" پیشکەش بە ئامادەبووان کرا.

نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی هەندێک سروود و گۆرانی تایبەتی نەورۆزی ڕازێندرایەوە

بڕگەی دووهەمی ئەو ڕێوڕەسمە بریتی بوو لە کردنەوەی ئاگری بڵێسەداری نەورۆز کە لەلایەن "بداغ بداغی" مامۆستای فێرگەی فەرماندەیی و خاتوون "شەریفیان"، هاوسەری شەهید "حوسێن ستەمدیدە" ئاگری نەورۆزی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٧٢١ی کوردی هەڵ کرا که هاوکاتیش سروودی "جێژنە جێژنی کوردستانە" پێشکەش کرا.

بڕگەی کۆتایی ئەم ڕێوڕەسمە بە شایی و هەڵپەڕکێی گشتی کۆتایی پێهات.