کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی رێبەندان ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی ئیرلەند بەڕێوەچوو

13:49 - 16 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: لە شاری مۆڵینگاری ئیرلەند لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ڕێوڕەسمی ۶۷مین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن جەمیل ئەحمەدی بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا، کە تێیدا تیشکی خستبووە سەر ماف و ئازادی کەمە نەتەوە و ئاینییەکان و هاووڵاتییانی کوردستان بەگشتی لەژێر سایەی کۆماری کوردستاندا و بەشداری پێکردنی کوردانی پارچەکانی‌تر لە دامەزران و بەڕێوە بردنی کۆمار و دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان.
دواتر پەیامی کۆمەڵەی کوردی ئیرلەند لە لایەن فەوزیە ئەمیریوە خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، ئاڵبومی وێنەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان بە سروودی ئافەرین قازی محەممەد ئافەرین، و هەڵپەڕکێیەک لەلایەن گروپی کیژانی کرماشانەوە پێشکەش کرا.
لە دوایین بڕگەدا هونەرمەندان داود کرماشانی، بەرزان عەزیزی، زەڕداد سەلیمی رێوڕەسمەکەیان زیاتر رازاندەوه.