کوردستان میدیا: بۆ ڕێزگرتن لە ٧٣هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک شەوئاهەنگێکی لە شاری ئاڵبۆرگی باکووری دانمارک ڕێکخست.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی ١٩ی ژانویەی ٢٠١٩ بۆ ڕێزگرتن لە ٧٣مین ساڵڤەگەڕی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، شەوئاهەنگێک لە شاری ئاڵبۆرگی باکووری دانمارک بەڕێوەچوو کە تێیدا سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە بەشدارییان کرد.
دەسپێکی شەوئاهەنگەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان سروودی ٢ی رێبەندان لەلایەن پۆلێک لە ئەندامانی یەکیەتیی لاوان پێشکەش کرا و دواتر چەند تابلۆی هەلپەرکێ پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
لە درێژەی بەرنامە و بڕگەکانی شەوئاهەنگی ٢ی ڕێبەندان دا، پەیامی كومیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی دانمارك، پەیامی هاوبەشی یەكییەتیی ژنان و لاوانی دێمۆکرات، پەیامی لێژنەی ناوچەی پارتی دێمۆکراتی کوردستان/عێراق، پەیامی پیرۆزبایی پارتی سەربەستی كوردستان و پەیامی پیرۆزبایی پارتی كرێكارانی كوردستان(پ ک ک ) خوێندرانەوە.
دوا بڕگەی شەوئاهەنگی ٢ی ڕێبەندانیش بریتی بوو لە گۆرانی و شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان.