کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی ئالمان بەڕێوەچوو

14:31 - 26 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی ئاڵمان بە بەشداریی حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕرێبەندانی ١٣٩٤هەتاوی، بە بەشداری حەسەن شەرەفی جێگەری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێورەسمی یادی ٧٠ سالەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلی کورد بە بەشداری سەدان کەس لە ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکرات دەستی پێکرد.

پاشان حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتی حیزب بەو بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد.

شەرەفی وێرای دەربرینی خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە ئامادەبوونیان لەو ڕێورەسمەدا و دیدارنوێکردنەوە لەگەڵ تێکۆشەران، دۆستان و ئەندامانی حیزبی دێموکرات ، بە تێروتەسەلی باسی لە کۆماری کوردستان و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی کرد.

جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات لەو پێوەندییەدا گوتی: لە دەوری یەک کۆبووینەوە تا یادی کیانێکی کوردی بکەیەنەوە کە ڕێبەندانی ئەو ساڵ یادی ٧٠ ساڵەی دامەرزانی بوو. کیانێک کە بە دوای پێکهاتنی حیزبێکی سیاسی و لە هەل ومەرجێکی تایبەتی دا بە بەرنامەی چڕوپڕی سیاسی و بەسەرکردایەتی رێبەرێکی زانای کوردی وەکوو پێشەوا قازی محەممەد لاپەرەیەکی لە مێژووی خەباتی کورد کردەوە و بۆ یەکەم جار ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە بەشێکی پارچەیەکی کوردستان تامی ئازادییان چێشت، تامی ئازادی و نەمانی دەستی زۆرداریان چێشت
جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەدرێژەی قسەکانی دا باسی لە سونبول و بەهانەتەوەییەکانی وەک ئاڵا، سردووی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ناوی پێشمەرگە وەک دەستکەوتە گرینگەکانی کۆماری کوردستان کرد و وتی:ئەو شتانەی کە ئێمە وەکوو سونبوولی نەتەوایەتی کورد شانازییان پێوە دەکەین،بۆ نموونە ئەو ئاڵایەی کە ئەمڕۆ لەسەنگەری بەرخودانی پێشمەرگە و قارەمانیەتی و خوێندانی ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە سەنگەرەکان دا دەشەکێتەوە،لەو کۆمارەدا سەری هەڵداوە و ئەوڕۆ سەرتاسەری کوردستان، ئەگەر نەڵێم لە هەمووی، لە بەشی زۆری وەکوو ئاڵایەکی نەتەوەیی کورد پێناسەکراوە و لەو بەشەش کە کیانێکی کوردیمان هەیە لە باشوور، لە پەرلەمانەکەیدا بە رەسمی پەسەند بووە.

حەسەن شەرەفی لە کۆتایی قسەکانی پرژایە سەر دۆخی ئێستای خەباتی گەلی کورد لەو پێوەندییە دا گوتی:ئەگر لە ڕابردوودا کورد لە پارچەیەک ناوی هەبوو،خەباتەکەی دەنگدانەوەی هەبوو ئێستا بە خۆشییەوە لە هەموو پارچەکانی کوردستان ناوی هەیە. دۆخی ئێستای ئێمەی کورد ئاوایە کە زۆر دیاردەی باش، زۆر خاڵی ئەرێنی باش هاتوونەتە نیو بزووتنەوەی کوردەوە.

پاشان ، پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن کەژاڵ نەقشبەندی بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان خوێندرایەوە.

لە بەڕگەیەکی دیکەی ڕێورەسمەکەدا، لەوحی ڕێزلێنانی کۆمیتەی ئاڵمان لە لایەن حەسەن شەرەفی و ئەندامانی کۆومیتەی ئاڵمان پێشکەش بە تێکۆشەرانی دێرینی گەلەکەمان کاک عەبدوڵا عیزەت پوور، کاک عەبدولڕزا کەریمی، کاک سدیق بابایی، کاک محەممەد ئەمین ڕۆستەمی، خاتوو دەوڵەت ڕۆستەمی و خاتوو ڕەعنا قوربانیکرا.

ڕێوڕەسمەکەش بە شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی پێهات.

13717.jpg

13718.jpg