کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی ڕێبەندان لە کەمپی جێژنیکان پیرۆز کرا

12:37 - 2 رێبەندان 2721

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ی کوردی بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵەکان و میوانان جێژنی ٢ی ڕێبەندان لە کەمپی جێژنیکان بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەدا بەشێک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەشدار بوون.

سەرەتای ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لە بابەتی نەتەوەیی و دێموکراتیک بوونی کۆماری کوردستان کرد کە ئەو دوو بابەتە چەندە لە کار و کردوەکانی کۆماری کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە.

ناوبراو باسی لە "ڕۆزوێڵت" کرد کە کاتێک سەردانی کۆماری کوردستان کردووە ناوبراو چەندە بە گرینگی و بایەخەوە باسی لە بوونی دێموکراسی لە کۆماری کوردستاندا کردووە.

دوای قسەکانی "مستەفایی" شێعرێک لەژێر ناوی "هەستەوە کۆمارەکەم" لەلایەن مامۆستا "بێبەش" پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا گۆرانییەکی فۆلکلۆر لەلایەن "عوسمان ڕەحمانی" پێشمەرگەی کوردستان پێشکەش کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا بە سەرەپەرەستیی "محەممەد خوسرەوی" پێشمەرگەی کوردستان؛ لەلایەن منداڵانی کەمپی جێژنیکان سروودێکی شۆڕشگێڕانە پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لەلایەن "سیما ڕێواز" خوێندرایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا گۆرانییەکی فۆلکلۆر لەلایەن "مەتین محەممەدی" پێشمەرگەی کوردستان پێشکەش کرا.

بۆ ئەو ڕێوڕەسمە چەندین پەیامی پیرۆزبایی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان نێردرابوون کە بریتی بوون لە:

ـ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان

ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان ـ کۆمیتەی ١٩ی ڕێکخستنی بەحرکە

ـ بروسکەی پیرۆزبایی پارتی دێموکراتی کوردستان ـ لقی ١٦ی هەولێر لێژنە ناوچەی بەرانەتی

ـ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگریی وەزارەتی پێشمەرگە هەرێمی کوردستان

ـ برووسکەی پیرۆزبایی ڕێکخراوی بەرانەتی

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی پێهات.