کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لەوڵاتی دانمارک بەرێوەچوو

17:02 - 28 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ، یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێوڕەسمی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداری ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب، لە شاری کۆپنهاگ لە وڵاتی دانمارک بەڕێوەچوو.

سەرەتا رێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب‌ و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی شەهیدانی گەل و نیشتمان دەستی پێکرد.

دواتر، پەیامی کۆمیتەی گشتیی ‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک لەلایەن جەمشید خوسرەوی بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی ‌حیزب لەو وڵاتە خوێندرایەوە.

خوسرەوی لە پەیامەکەیدا وێرای پیرۆزبایی لە ئەندامان و لایەنگرانی ‌حیزبی دێموکرات، ئاماژەی بە رۆڵ و باندۆری مێژوویی ‌‌حیزبی دێموکرات لە کوردستان کرد و وتی: لە ماوەی ئەو 70 ساڵەدا ‌حیزبی ئێمە زۆر جار لێدراوە، بەڵام سەر ئەنجام ئەوەی کە سەرکەوتووە، حیزبی دێموکرات بووە کە بە پشت بەستن بە ئیرادەی گەل سەر کەوتووە و هەر لە مەیداندایە.

پاشان، پەیامی کۆمیتەی دانمارکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زە‌حمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا.

لە بەشێک لە پەیامی کۆمەڵەدا ، ئاماژە بە پێگەی حیزبی دێموکرات لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و رۆڵی مێژوویی ‌حیزبی دێموکرات لە زیندووکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی لە کوردستان کرا بوو.

دواتر کۆرتەیەک لە مێژوویی حیزبی دێموکرات بە زمانی دانمارکی لەلایەن سە‌حەر حیسامی خۆێندرایەوە.

ئەم رێوڕەسمە بە پێشکەش‌کردنی چەند گورانییەک لەلایەن هونەرمەند ئەرسەلان جەودەت و ئومید مەریوانیـەوە کۆتایی پێهات.

هەر بە بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پەیامی پیرۆزباییان پێشکەش بە رێوڕەسمەکە کردبوو کە بریتین لە:

یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان
فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردستانیەکان لە دانمارک
پارتی ئازادی کوردستان – باکوور
پارتی سۆسیالیستی کوردستان-باکوور
پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە
پارتی دێموکراتی کوردستانی باکوور
یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران