کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنیکان؛ دەزگای پەروەردە و لێکۆڵینەوەی حیزبی دێموکرات کۆبوونەوەیەکی بۆ لێپرسراوی گشتیی حیزب پێک هێنا

19:08 - 17 خاکەلێوه 2722

ڕێكەوتی ١٧ی خاكەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی دەزگای پەروەردە و لێكۆڵینەوەی حیزبی دێموکرات كۆبوونەوەیەكی بۆ لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموكرات لە كەمپی جێژنیكان پێک هێنا.

كۆبوونەوەكە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەكێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی کورد و كوردستان دەستی پێ كرد.

كۆبوونەوەكە بۆ ئەندامانی حیزب و هەروەها ئەندامانی یەكیەتیی ژنان لە جێژنیكان ڕێک خرابوو.

تەوەری كۆبوونەوەكە باسێكی سیاسی لەسەر ئێران و كوردستان و هەروەها پێگە و ڕۆڵی حیزبی دێموكرات و هەروەها چەند پرسێكی نێوخۆیی حیزب بوو.

مستەفا هێجری لە باسەكەیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئێستای كۆماری ئیسلامی كرد و بە پشتبەستن بە ئامار و بەڵگەكان، باسی لەوە كرد كە مەشرووعییەتی نیزام لەنێو خەڵكدا نەماوە و ئێستا لە ئێراندا بە پێچەوانەی سەرەتای هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامییه‌ كە بێجگە لە كوردستان، خەڵكێكی زۆر لە ڕێفراندۆمی مەشرووعییەتدان بە ڕێژیم بەشدارییان كرد. له‌ ئێستا‌دا خەڵكێكی زۆر خوازیاری نیزامێكی سێكۆلارن و ئەم ڕێژیمەیان قەبووڵ نییە و لە ڕاستیدا ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا لەلایەن گرووپە مافیایی و میلیشیاكانەوە بەڕێوە دەچێت.

لێپرسراوی گشتی لە درێژەی باسەكەیدا، ئاوڕی لە خەباتی حیزبی دێموكرات دایەوە و باسی لەوە كرد كە پێگە و گوتاری حیزبی دێموكرات بووەتە هۆی ئەوەی كە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زیاتر لە جاران دژایەتیی حیزب بكات و ئاستی بەرزی وشیاریی خەڵكی كوردستان و ئامادەییان بۆ خەبات لە ئاستێكی بەرزدایە و حیزبی دێموكراتیش بەتایبەت لە ڕاسانی ڕۆژهەڵاتدا توانیویەتی كە خەڵكێكی زۆرتر بۆ لای خۆی ڕابكێشێت و بەشداریی كوڕ و كچان لە ڕیزەكانی خەبات بەڵگەن بۆ ئەم بانگەشەیە.

هەروەها بە بەراورد لەگەڵ كۆماری ئیسلامی، حیزبی دێموكرات بەرەوپێش دەچێت و لە كاتی ڕووخانی حكوومەتی پاشایەتی لە ئێرانەوە و هاتنە سەر كاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای شەهیدبوونی دوو ڕێبەری گەورەمان و هەزاران كادر و پێشمەرگە و خەڵكی ڕۆژهەڵات، بەڵام حیزبی دێموكرات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرەوپێش دەچێت و پێگەی لەنێو خەڵكی ڕۆژهەڵاتدا قایمتر دەبێت.

لە درێژەی باسەكەیاندا، لێپرسراوی گشتی ئاوڕی لە چەند پرسێكی نێوخۆیی حیزب دایەوە و لەو پەیوەندییەدا، چەند سیاسەتی گشتیی حیزبی بۆ بەشداربووان هێنایەوه‌ به‌ر باس و شیكردنه‌وه‌ی پێویستی دا.

لە بڕگەیەکی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، بەشداربووان پرسیار و سەرنجەكانی خۆیان ئاراستە كرد و لەلایەن هەریەک لە: "شنە دروودگەر" سکرتێری یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستان ئێران، "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای ڕێكخستن و "كەریم پەرویزی" بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندن و بەرپرسی یەكەی جێژنیكان وڵامی سەرەنج و پرسیارەكانیان دایەوە.