ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ۴ی ڕەشەمە لە کەمپی جێژنکان، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، سمینارێکیان بەڕێوە برد.
سمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر لەلایەن "ڕۆژان سۆفیزادە" پێشکەشکاری سمینارەکەوە، بەخێرهاتنی ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هەموو بەشداربووان کرا.
لە بڕگەی یەکەمی سمینارەکەدا، پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی خوێندکاران، لاوان و ژنان لەسەر ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لەلایەن "ڕەحمان سەلیمی" ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکاران پێشکەش کرا.
لە بڕگەی دووەمدا، "سروور ڕێواز" ئاوڕی لە مێژووی هەڵبژاردنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دایەوە و وتارێکی لەسەر "مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی" پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکەی سمینارەکەدا، مامۆستا "شەریف فەلاح" نووسەر و مامۆستای زمانی کوردی، وتارێکی لەژێر ناوی "گرینگی و بایەخی زمانی دایکی لە پرۆسەی نەتەوەسازی" و "پیلانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی و فەوتاندنی زمانی کوردی" پێشکەش کرد.
لە بڕگەی کۆتایی سمینارەکەدا "ناسر فەتحی" ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکاران بابەتێکی لەژێر ناوی "کۆلۆنیاڵیزمی زمانی یان زمانی کۆلۆنیاڵیستی" پێشکەش کرد.