کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری سیاسیی سپای پاسداران وتوویەتی لەنێوبردنی ئیسرائیل ئامانجی ئێمەیە

13:07 - 16 بانەمەڕ 2721

"یەدوڵڵا جەوانی" جێگری سیاسیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ڕێگای ڕاستی خۆی دەڕوات و ئێمە بە دڵنیایەوە ئیسرائیل لەنێو دەبەین.

وتووێژەکانی ڤییەن کە لە حاڵی بەڕێوەچووندایە و ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک دژی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێرانە؛ کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیل دەکەن.

ئیسرائیل هۆکاری ئەوەیکە دژایەتی لەگەڵ ڕێککەوتنی نێوان ئامریکا و ئێران دەکات ئەوەیه کە ئێران بەردەوام هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات.

هاوکات ئیسرائیل داوای ئەوە دەکات دەبێ دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەدا کە بووەتە هۆی تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکرێت و دەست لە پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان هەڵبگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی بلاڤۆکی "فۆربێز"؛ "ئێلی کۆهەن" وەزیری ئیتلاعاتی ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی خاکەلێوەدا هۆشداری دا کە ڕێککەوتنی "خراپ" لە نێوان ئامریکا و ئێران "ناوچەکە بەرەو شەڕ دەکێشێت" و ئیسرائیل ناهێڵێ ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوای چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام دەستی بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆی کردەوە و لە چەندین هەنگاودا ڕێککەوتنەکانی بەرجامی پێشێل کرد.