کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، خومەینی منداڵی "ناخەلەفـ"ـی ئامریکا بووە

13:16 - 8 سەرماوەز 2720

''عیسا کەلانتەری'' جێگری سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێکی تێلێڤزیۆنیدا کە لەسەر ''خومەینی'' دامەزێنەری کۆماری ئیسلامی قسە دەکات، خومەینی بە "ناخەلەفـ"ـی ئامریکا ناو دەبات.

لەم وتووێژەدا هەواڵنێرەکە لە ''کەلانتری'' ئەو پرسیارە دەکات: "ئەگەر خومەینی زیندوو بووایەت لەگەڵ ئامریکا وتووێژی دەکرد؟" ناوبراویش لە وڵامدا دەڵێت: ''نازانم ئاگام لێ نییە، ڕەنگە بەو شێوەیە بووایەت، خومەینی منداڵێکی "ناخەلەفـ"ـی ئامریکا بوو. ئەوان پشتی ڕێژیمی پاشایەتییان بەردا و خومەینیش لەو هەلە کەڵکی وەرگرت''.

ماڵپەڕی ''جەماران'' سەر بە سەید ''حەسەن خومەینی'' نەوەی خومەینی، شێوازی ئاخاوتنی ''کەلانتەری'' بە ''پەست و بێ نرخ'' ناو لێ بردووە.

 ماڵپەڕی ''جەماران'' ڕوو لە ''کەلانتەری'' نووسیویەتی، ئایا ڕەوتی فیکریی نێهزەتی ئیسلامی دەستنیشاندەی ئامریکایە، هەتا بمانهەوێت بڵێین چوونکە ''خومەینی'' پشتی لە هزر و بیری ئامریکا کردووە، "ناخەلەف"بووە.

بەڵام ''سادق کوشکی'' چالاکی بناژۆخوازی ڕێژیم بە هێرشکردنە سەر سەید ''حەسەن خومەینی'' ڕێکخراوی ژێر چاوەدێریی ناوبراوی بە شوێنێک بۆ '' دابینکردنی نان و گۆشتی هێندیکییان'' ناو بردووە و وتوویەتی هەتا ئێستا نەمانبینیوە ''حەسەن ئاغا'' و دامەزراوەکەی بۆ حەڵالبوونی ماف و تەنانەت کاری واجبیش، لە خومەینی و میراتەکەی بەرگریی کردبێت.