کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی دادوەریی ڕێژیمی ئێران ڕاشکاوانە وتی کە ئەوان ناڕازییەکانی خەزەڵوەریان کوشتووە

09:31 - 24 خەزەڵوەر 2721

"حەسەن نەورۆزی" جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی دادوەریی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە سەرکوتەکانی خەزەڵوەری ٩٨ وتی: "یەکێک لەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ تەقەی لە خەڵک کردووە من بووم، ئێمە کوشتمانن. ئیستا کێ دێت لێپرسینەوە لە ئێمە بکات؟".

"نەورۆزی" لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی "دیدەبانی ئێران" دژکردەوەی بە بەڕێوەچوونی دادگای نێونەتەوەیی خەڵک لە لەندەن پیشان داوە و لە درێژەدا باسی لەوە کردووە: "کەسێکی تایبەت وتوویەتی کەسێکی ناڕازی لە خەزەڵوەری ٩٨دا بانکێکی ئاگر داوە و ئیمەش کوشتومانە".

دادگای نێونەتەوەیی خەڵک ناسراو بە "دادگای خەزەڵوەر" لە لەندەن بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ بەڕێوە چوو و ٤ دانیشتنیان بەڕێوە برد.

ئەو دادگایە لەلایەن سێ ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی ئێران"، "دادپەروەری بۆ ئێران" و "پێکەوە دژی ئێعدام" ڕێک خرا و ٤٥ کەس لە دادگا بە دژی ئەو تاوانانە شایەتییان دا.

ئەو دادگایە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئایا ئەو تاوانکارییە ئەنجام دراوانە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لەوانە "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ئێستای ئەو ڕێژیمە و سەرۆکی ئەوکاتی دەزگای دادوەری، پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨، تاوانی دژی مرۆڤایەتی بووە یان نا.