کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی دادی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران: کچی سێزدە ساڵە کە ژیان پێک دێنێت منداڵ هاوسەر نییە

17:32 - 9 سەرماوەز 2721

"حەسەن  نەوروزی" جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی دادی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتی: "کچی سێزدە ساڵە کە ژیان پێک دێنێت منداڵ هاوسەر نییە؛ یاسای ئیسلام بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی منداڵان دروست و بەجێیە".

هەروەها زیادی کردووە: "ئەو کچانەی کە تەمەنیان سێزدە ساڵە و ژیان پێک دێنن منداڵ هاوسەر نین، بەڵکوو بۆ کچی نۆ یان دە ساڵە کە ژیانی هاوبەش پێک دێنن دەتوانین بڵێین منداڵ هاوسەری".

وتەی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا کەسی سێزدە ساڵە منداڵ و پازدە ساڵە تازەلاو دێتە ئەژمار و نە بەپێی عورفی کۆمەڵگە و نە بەپێی یاسا ئەو منداڵانە ئامادەیی ئەوەیان نییە ژیانی هاوبەش پێک بێنن.

پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەنی منداڵیدا دەرفەتی "خوێندن، کارکردن و پێگەیشتنی هزری" لە منداڵ دەگرێت و کۆمەڵگە بەرەو هەژاریی کولتووری و ئابووری دەبات.

چالاکانی بواری مافی منداڵان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بەتایبەت بۆ کچان لە تەمەنی ژێر ١٨ ساڵیدا بەهۆی دووژیانبوونیان سەرەڕای ئەوەیکە مەترسییەکی زۆر دەخاتە سەر تەندروستییان، خەسارێکی زۆری دەروونیشیان بەر دەکەوێت.