کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری فەرماندەی هێزی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران بە شێوەیەکی گوماناوی مرد

11:57 - 30 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خاکەلێوە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، ''محەممەد حجازی'' جێگری فەرماندەی هێزی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە مرد.

ڕاگەیەندراوی سپای پاسداران لەبارەی مردنی جێگری فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران لە حاڵێکدایە کە ''محەممەد مەهدی هیمەت'' کوڕی ''محەممەد ئیبراهیم هیمەت'' یەکێک لە بەناوبانگترین فەرماندە کوژراوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، لە تویتێکدا باسی لەوە کردووە کە هۆکاری مردنی ''حجازی'' نەخۆشیی دڵ نەبووە.

ناوبراو ڕوونکردنەوەیەکی زیاتری لەوبارەوە نەداوە.

''محەممەد حجازی'' ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ دوای کوژرانی ''قاسم سلێمانی'' فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران لەلایەن ئامریکاوە، بوو بە جێگری ئەو هێزەی سپای پاسداران.

''محەممەد حجازی'' لە ساڵی ١٣٨٨ لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێران، بەرپرسیاریەتیی قەرارگای ساروڵڵای تارانی وەرگرت کە لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکاندا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە؛ لەو خۆپیشاندانانەدا دەیان کەس کوژران و هەزاران کەسیش دەسبەسەر کران.

ناوبراو بەهۆی ئەوەی کە لە سەرکوتی ناڕازییان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕۆڵی هەبووە، لە ساڵی ١٣٩٠ـەوە لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە ناوی خرابووە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

جێگری فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران لە سیاسەتە ناوچەییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا بەتایبەت لە شەڕی سووریە ڕۆڵی گرینگی هەبووە.

هەروەها محەممەد حجازی وەکوو یەکێک لە بەرپرسانی سەرەکیی تەیارکردنی حیزبوڵڵا بە مووشک،  ناوی لێ دەبرێت.