کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری نوێنەری خامنەیی لە سپا وتوویەتی، دەبێ هێزگەلێک پەروەردە بکرێت بەبێ ترس دەستیان لەسەر ماشە بێت

12:55 - 13 پووشپەڕ 2722

''حوسێن تەیەبی فەڕ'' جێگری نوێنەری خامنەیی لە سپای پاسداران وتوویەتی: ''دەبێ هێزگەلێک لە سپادا پەروەردە بکرێت کە بەبێ ترس دەستیان لەسەر ماشە بێت و لە دەستکەوتەکانی ئینقلاب بەرگری بکەن''.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: ''ڕێگا نادەین ڤایرۆس و مۆرکە بێتە نێو سپای پاسداران و پێکهاتەکەی بشێوێنێت''.

قسەکانی جێگری نوێنەری خامنەیی لە سپا ئاماژە بە گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و پاراستنی زانیارییەکانی دەکات.

له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، له‌گه‌ڵ دووباره‌بوونه‌وه‌ی تەقینەوەکان له‌ ناوه‌نده‌ ناوکاییەکان و کوژرانی ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی ئه‌منیەتی- نیزامی و كه‌سانی په‌یوەندیدار به‌ پرسی ناوکی و پرسه‌كانی وه‌ک ڕفاندنی به‌ڵگه‌نامه‌ ناوکییەکان له‌ تورقوز‌ئاباد و هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌ دزه‌كراوه‌كان لە پێشێلکارییەکان و گەندەڵی دارایی لە سپای پاسداران، ڕەخنەکان لەنێو فراکسیۆنە دەسەڵاتدارەکاندا چڕتر بووەتەوە و پێدەچێت ئەم پرسانە جێگەی سەرنجی سەرەکیی گۆڕانکارییەکانی هەندێک لە بەرپرسانی ئەمنییەتیی سپا بووە.

لەلایەکی دیکەوە بە وتەی ڕۆژنامەنووسان، قسەکانی ''تەیەبی فەڕ''سەبارەت بە ''دەست لەسەر ماشەبوونی'' سپای پاسداران لە حاڵێکدایە کە لەم دواییانەدا گۆڕانکارییەکانی "یاسای بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی لە کاتی پێویست" لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیسی ڕێژیم تاوتوێ کراوە. بەپێی ئەم گۆڕانكارییانە، بەكارهێنانی چەک لە حاڵەتە پێویستەكاندا، بۆ هەموو هێزە چەکدارەکان ڕێگە پێدراوە.

ڕێژیمی ئێران لە ئیستادا کە زیاتر ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و هاتنە سەرشەقامی خەڵکی وەزاڵەهاتوو بووەتەوە، بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵک بەرنامە دادەرێژێت و دەیهەوێت بە دانانی یاساگەلێک دەستی هێزە سەرکوتکەرەکان لە کوشتنی خەڵک ئاوەڵا بکەن و خەڵک چاوترسێن بکەن.