کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری وەزیری بێهداشت وتوویەتی هەر ژنێک لە ئێراندا دەبێ ٤ منداڵی ببێت

13:43 - 5 خاکەلێوه 2721

جێگری وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیمی ئێران بەناوی ئیسلاحی پێکهاتەی حەشیمەتەوە وتوویەتی کە هەر ژنێک لە ئێراندا دەبێ ٤ منداڵی ببێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، نێونجیی لەدایکبوونی منداڵ لە ئێراندا کەمتر لە ٢ منداڵ واتا ١.٧ منداڵە.

بەپێی ئەو ئامارە لەئێستادا نێونجیی لەدایکبوونی منداڵ کەمتر لە ئاستی جێگرەوەبوونیشە، بەو واتایە کە لەباتی هەر دایک و باوکێک یەک منداڵ لەدایک نابێت و ئەمە لەگەڵ ویستی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران مەودایەکی زۆری هەیە کە لە لێدوانەکانیدا جەختی لەسەر چوونەسەرەوەی حەشیمەتی موسڵمانان کردووە.

"عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، خاکەلێوەی ساڵی ٩٨ تەنانەت جەختی لەسەر بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی بۆ چوونەسەرەوەی حەشیمەت لە بەرانبەر سیاسەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا کردبووەوە.

ڕێبەری ئەو ڕێژیمە لەحاڵێکدا داوای چوونەسەرەوەی حەشیمەت دەکات کە دۆخی ئابووریی خەڵک زۆر نالەبارە و هیچ خۆشبژێوییەک نییە تا خەڵک بیانهەوێت منداڵیان ببێت و دەرەقەتی تێچووەکانی ژیان نایەن.