کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگۆڕکێی فەرماندە تێرۆریستەکان درێژەی هەیە

16:29 - 27 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لەگەڵ بەرزبوونەوەی کێشەکانی نێوان ئێران و ئامریکا؛ ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دیسان جێگۆڕکێی بە چەند فەرماندەی سپای تێرۆریستیی خۆی کرد.

"عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی تاران لە بڕیارێکی نوێ و جیاوازدا، تێرۆریست "عەلی فەدەوی"ی وەک جێگری فەرماندەی گشتیی سپا و "محەمەدڕەزا نەقدی"ی وەک جێگری هاوئاهەنگیی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دیاری کرد.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا، پاسداری تێرۆریست "حوسێن سەلامی"، لە لایەن خامنەییەوە وەک فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران دیاری کرا.

لە دوای ئەوەی کە سپای پاسداران، بە فەرمی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسێندرا، ڕێبەری ڕێژیمی تاران دەستی بە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ئەو ڕێکخراوەیەدا کرد.

حوسێن سەلامی، بە لێدوانە توندوتیژەکانی دژی بە ئیسرائیل و عەرەبستان و ئەمریکا ناسراوە. ئەو فەرماندە تێرۆریستە بەردەوام باس لەوە دەکات، ئامانجی ئێمە سڕینەوەی ئیسرائیلە لەسەر نەخشەی جیهان.

دیاریکردن و گۆڕێنی مۆرە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو کاتەدا، دەرخەری ئەوەیە ڕێژیمی تاران خۆی بۆ ئەگەری شەڕ دژی ئامریکا ئامادە دەکات و بۆیە خامنەیی کەسانی نزیک و باوەڕپێکراوی خۆی دێنێتە سەر کار.