کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردن لەسەر وڵامدەرکردنی ڕێژیمی ئێران لە ٢٨ـەمین ساڵڕۆژی تەقینەوەی ئامیا

11:55 - 28 پووشپەڕ 2722

هاوکات لەگەڵ ٢٨ـەمین ساڵوەگەڕی تەقینەوەی ناوەندی جولەکەکان لە ''بوینێس ئایرێس'' پێتەختی ئاڕژانتین، هێندێک لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئاڕژانتین، ئیسرائیل و ئامریکا و هەروەها ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەسەر پێویستیی وڵامدەرکردنی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، جەختیان کردەوە.

تەقینەوەی ناوەندی جولەکەکانی ئاڕژانتین، ئەو کردەوە تێرۆریستییەیە کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاویدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٨٥ هاووڵاتیی جولەکە و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

''نێد پرایس'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئامریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی ساڵوەگەڕی ئەو تەقینەوەیە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: ''بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ لەو هێرشەدا ڕۆڵیان هەبووە و حیزبوڵڵا لەژێر چاوەدێریی ڕێژیمی ئێران ئەو تەقینەوەی ئەنجام داوە؛ مافی خەڵکی ئاڕژانتینە کە بکەرانی سەرەکیی ئەو هێرشە بسپێرنە دەست عەداڵەت''.

ژمارەیەک لە بەرپرسان و چالاکڤانان ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕ، لە ڕێگای هەشتەگی ''ئامیا ٢٨ ساڵ''، لەسەر ئەو ڕووداوە تێرۆریستییە هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە.

پۆلیسی نێونەتەوەیی لەسەر داوای ئاڕژانتین بۆ ٦ بەرپرسی ڕێژیمی ئێران بە تاوانی ئەوەیکە لەو هێرشەدا دەستیان هەبووە حوکمی دەسبەسەریی دەر کردووە، ئەو کەسانە بریتین لە: ''عەلی فەلاحییان (وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکاتی ڕێژیمی ئیسلامی)، موحسێن ڕەزایی (فەرماندەی گشتیی ئەوکاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی)، ئەحمەد وەحیدی (فەرماندەی پێشووی هێزی تایبەتی قودسی سپای پاسداران)، ئەحمەدڕەزا ئەسغەری (سەرۆکی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئاڕژانتین)، مۆحسێن ڕەبانی (ڕاوێژکاری فەرهەنگیی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئاڕژانتین) و عێماد مەغنییە (بەرپرسی ئەوکاتی ستادی ئۆپێراسیۆنی تایبەتی حیزبوڵـڵای لوبنان).

تۆمەتبارکردنی حکوومەتی ئاڕژانتین لە بابەت وەرگرتنی بەرتیلی نەوتی و کوژرانی ''ئالبێرتۆ نیسمان''، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە بانیی تەقینەوەی ئامیا ناوەندی جوولەکەکانی ئاڕژانتین تاوانبار کردبوو، ئەو دۆسیەیەی ئاڵۆز کردووە.