کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختی جان کێربی لەسەر رۆڵی رێژیمی ئێران بۆ تێکدانی سەقامگیری

16:09 - 23 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا لە لێدوانێکدا رێژیمی ئێرانی بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە وەسف کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دەریادار جان کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئامریکا وتی: رێژیمی ئێران بەو لق و پۆیانەی کە لە سەرتاسەری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیەتی، ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەی تێکداوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا سەرەرای ئاماژە بەو پرسە کە هەر جۆرە چالاکییەکی تێکدەرانە دەبێتە هۆی نیگەرانی ئامریکا، جەختی کردەوە: ئامریکا بە شێوەیەکی تایبەتی لە چالاکی و رۆڵی تێکدەرانەی رێژیمی تاران نیگەرانە.

جان کێربی لە درێژەدا رایگەیاند کە ئامریکا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەگەڵ رێژیمی تاران و ئەسەد چە بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ نییە، وتی: ئێمە هەوڵێک بۆ ئاسانکاری یا هاندان بۆ پەیوەندییەکانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو رێژیمە ئەنجام نادەین.

چەند رۆژ پێش ئێستا سێناتۆر جان مەک‌کین، سەرۆکی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا، هاوکاریی رێژیمی ئێرانی لەگەڵ رێژیمی بەشار ئەسەد لە سەرکوتی خەڵک و پشتیوانی هەمەلایەنە لە بەشار ئەسەد، رێژیمی ئێران لە میلیشاکانی یەمەن و عێراق و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکەی مەحکووم کردبوو و دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێرانی بە سەرەکیترین هۆکاری ناسەقامگیری ناوچەکە وەسف کردبوو.

لەو پەیوەندییەدا ئەد رۆیس، نوێنەری کۆماریخوازەکانی کۆنگرە و سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکاش جەختی کردووەتەوە کە رێژیمی ئێران لە حاڵی بەهێزکردنی دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە دایە و رایگەیاندووە کە پشتیوانییەکانی رێژیمی ئێران لە گرووپە میلیشاکانی وەک حوسییەکان، مەترسییەکە بۆ سەر ئەمنییەتی ئامریکا.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا روودی جوولیانی، سەرۆکی پێشووی شارەوانی نیۆیۆرک لە کۆنفرانسێکدا لە پاریس رایگەیاند کە رێژیمی ئێران لە داعش مەترسیدارترە و هەروەها وتی: پێویستە کە ئێستا کۆتایی بە کایەی سیاسیی ئاخوندەکانی ئێران و رۆڵی قەیرانی خولقێنی ئەو رێژیمە و ئاژاوەکانی بێت.

ئاویەر. ت