کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەعفەر ماملێ هونەرمەندێکی ناسراوی کورد کۆچی دوایی کرد

13:12 - 29 رێبەندان 2719

"جەعفەر ماملێ"، برای هونەرمەندی ناسراوی نەتەوەی کورد "محەممەد ماملێ"، لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا لە شاری مەهاباد  لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ماڵاوایی لە دنیای هونەر کرد. 

جەعفەر ماملێ، چەندین ساڵ خزمەتی بە ھونەری كوردی كردووە، ناوبراو لەگەڵ "سەعید ماملێ" فێری وانەکانی گۆرانی‌وتن، چڕینی قەتار،  خوێندنەوەی بەستە و هەواکانی وەفایی بووە. 

ناوبراو لە ساڵی ١٩٩٢دا لەگەڵ هەندێک لە هونەرمەندانی کوردستانی باشوور، بەرهەمی "فرمێسکی شەو"ی لە شاری مەهاباد تۆمار کرد.

لە ساڵی ١٩٩٥ دا، لە یادی مامۆستا "وەفایی" کە لە مەهاباد بەڕێوە چوو، بەشداری کرد، کە بە وتنەوەی هۆنراوەکانی مامۆستا وەفایی، پێشوازێکی زۆر بێوێنەی لێکراوە.

لە ماوەی تەمەنیدا لەلایەن کۆمەڵەی کولتوری کوردی، بانگهێشت کراوە بۆ وڵاتی سوئێد و لە شاری ستۆکهۆڵم و دواتر لە چەند شاری دیکەی ئەم وڵاتە کۆنسێرتی بەڕێوە بردووە.

هەروەها لە چەندین کۆنسێرتدا لە کوردستانی باشوور و لە شاری سلێمانی بەشدار بووە، لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش چەند جارێک کۆنسێرتی بەڕێوە بردووە.

سەرئەنجام ئەو هونەرمەندە کوردە شەوی ڕابردوو لە شاری مەهاباد بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان دەکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.