کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەنەتی: ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخمان باشتر دەبێت

11:37 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە نوێترین چەواشەکارییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمدا، بەرپرسی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەریی ڕێژیم، باس لە شکستدانی ئامریکا دەکات.

لە شەشەمین کۆبوونەوەی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەریی ڕێژیم، "ئەحمەد جەنەتی"، بەرپرسی مەجلیسی خوبرەگان ڕایگەیاند: "ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخمان باشتر دەبێت"، هەرچەند "هێشتاش هەر شەهید دەدەین". ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی ئابووریی وڵات کردووە و وتوویەتی: "ئەو کەسانەی کە چاوەڕێی نانی شەو، گۆشت و ئاوگۆشتەکانیان دەکرد و لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە جاران بەشدارییان کردووە" و بە دەربڕینی ئەحمەد جەنەتی "مشتێکی توندیان لە دەمی ئامریکا، ئیسرائیل و عەرەبستان داوە".

ئەم قسەیەی بەرپرسی مەجلیسی خوبرەکانی ڕێژیم لە کاتێکدایە، کە ڕاپۆرت و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، کە خەڵکی ئەمساڵ لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەنداندا بە ڕادەیەکی زۆر کەمتر لە جاران بەشدارییان کردووە.

ئەحمەد جەنەتی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوژمنەکانیان دەیانویست لە چلـەمین ساڵیادی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیدا کەسانێکی دیکە لە ئێراندا دەسەڵات بەدەستەوە بگرن.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە پێدانی نیشانەی "زوڵفەقار" بە قاسم سلێمانی لە لایەن ڕێبەری  ڕێژیمی ئیسلامییەوە کرد و وتی: "فەرماندەی سپای قودس لە زۆرێک لە شوێنەکان بە فریای ئینقلاب و نیزامی ویلایەتی فەقی گەیشتووە و کارانێکی کردووە کە هیچ کەس توانای ئەنجامدانی نییە".

هەروەها واتای سەفەرەکەی بەشار ئەسەد سەرکۆماری ڕێژیمی سوریەی بەوە لێک دایەوە کە مەبەست لە سەفەرە پشتگیریی ڕێژیمی ئێران لەو دەسەڵاتە و پارێزگاریکردنیەتی.

دیار نییە ئەم بەرپرسەی ڕێژیم مەبەستی لە باشتربوونی دۆخیان و باقی قسەکانی چی بێت، کە لەوانەیە مەبەستی لە کردەوە ئاژاوەگێڕی و تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکەدا و پەرەپێدانی چالاکییە مووشەکییەکانیان، پشتیوانیکردن لە گرووپە تێرۆریستییەکان و دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان بێت، کە هەموو سەرمایەی وڵاتەکەی ساڵانە لەو بوارنەدا بەفیڕۆ دەدات.