کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"جەهانگیری" باسی لە شوێندانەریی وێرانکەری گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر ئابووریی ئێران کرد

12:19 - 6 گەلاوێژ 2720

بۆ یەکەمین جار بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمی ئێران بە ڕاشکاوانە باسی لە شوێندانەری و کاریگەریی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا  بۆ سەر ئێران کردووە.

سەرەڕای نکۆڵیکردنی بەرپرسانی ڕێژیم لە کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ئابووریی ئێران، "ئیسحاق جەهانگیری" جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران  بۆ یەکەمین جار لە کۆبوونەوەیەکی دەوڵەتدا بە ڕاشکاوانە باسی لە ئەوپەڕی تێکشکاوی و داڕماویی ئابووریی ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە کردووە.

"جەهانگیری" لەو کۆبوونەوەیەدا وتوویەتی: "ئەو گەمارۆیانە زاڵمانەترین، بێ ڕەحمانەترین و توندترین گەمارۆکانی جیهانە، هەر چەند ئێمە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ئامریکا، یەکیەتیی ئورووپا و شورای تەناهیی نەتەوەیی نێودەوڵەتییەوە گەمارۆمان لەسەرە، بەڵام ئەم گەمارۆیانەی دوو ساڵی ڕابردوو لە هەموویان جیاوازتر و کاریگەرتر بووە".

ناوبراو باسی لەوە کردووە: "لەبەر خەڵک و هۆکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ناتوانین ڕوون و ئاشکرا باسی زۆر شت بکەین و ڕایگەیەنین چی ڕوویداوە و خەڵک لە وردەکارییەکان ئاگادار بکەینەوە".

پێشتر بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران گەمارۆکانی ئامریکایان بە "کاغەز پارە" ناو دەبرد و باسیان لە بێ ئاکام مانەوەی گەمارۆکان و کاریگەر نەبوونیان دەکرد، بەڵام ئێستا شێوێندانەریی ئەو گەمارۆیانە لە ئاستێکدایە کە چیتر ناتوانن نکۆڵی و حاشای لێ بکەن.