کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەهانگیری ڕۆڵی قاسم سلێمانیی لە قاچاخی نەوتدا ئاشکرا کردووە

12:50 - 25 رەشەمه 2720

جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو وڵاتە بە شێوەی فەرمی توانای فرۆشتنی نەوتی نەبووە، وتوویەتی کە یەکێک لە هەوڵەکانی تێرۆریست "قاسم سڵێمانی" فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سپای قودس، فرۆشتنی نەوت بە شێوەی قاچاخ لە کاتی گەمارۆکاندا بووە بۆ دابینکردنی دراوی پێویستی ئێران.

"ئێسحاق جەهانگیری" جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وتوویەتی: "گەمارۆکان، نەوت، پۆڵا، پێترۆشیمی، کەناراوەکان و کەشتیڕانیی ئێران و سەرجەم ئەو کاڵایانەی کە سەرچاوەی دابینکردنی دراو بۆ ئێران بوونە، لەبەر گرتووەتەوە".

ئەو هەروەها وتوویەتی کە پاش گەمارۆکان، ستادی شورای ئەمنییەتی ڕێژیم لەژێر ناوی "ستادی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەمارۆکان" پێک هاتووە و ئەرکی سیاسەتدانان بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکانە.

جەهانگیری لە قسەکانیدا ئاماژەی بە شێوازەکانی فرۆشتنی نەوت کردووە کە یەکیان فرۆشتنی نەوت بە ئاڵای وڵاتانی دیکەوەیە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە تێرۆریست قاسم سلێمانی کەسێک بووە کە لە فرۆشتنی نایاسایی نەوتدا دەستێکی باڵای هەبووە و جێ پەنجەی دیار بووە.

جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە گەمارۆکان دەیتوانی ببێتە هۆی داڕمانی ئابووریی ئێران و بۆیە دەورلێدانەوەی گەمارۆکان بە ئامانجی دەربازکردنی ئابووریی ئێران لەو دۆخە بووە.