کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەهانگیری: ئێران ئازادترین وڵاتی ناوچەکەیە

12:59 - 17 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە نوێترین چەواشەکارییدا، وڵاتی ئێرانی وەک ئازادترین وڵاتی ناوچە ناو بردووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیرنا"، ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی ڕێبەندان، ئێسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، وتبووی: "ئێران ئەمڕۆ ئازادترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و ئەمەش لە هەموو دنیادا تۆمار کراوە".

هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسە چەواشەکارانەکانیدا وتبووی: "هەندێک لە میدیا و هەواڵدەرییەکان، لە هەوڵدان کە بڵێن بارودۆخی خەڵکی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ لە خراپتربوونە، لە کاتێکدا بە پشتبەستن بە پێوەرە باوەڕپێکراوەکان دەڵێین، کە مەودای نێوان هەژاری و دەوڵەمەندی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و بەرەو دادپەروەری هەنگاومان ناوە".

ئەم قسانەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێکدایە، کە ڕۆژانە هەواڵی دەستبەسەرکردنی خەڵک بە هۆی ڕەچاو نەکردنی خۆداپۆشینی زۆرەملێ و دەربڕینی بیروڕایەکی جیاواز بڵاو دەبێتەوە و بە سەدان لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی ژینگەپارێزی لە زیندانەکانی ئەم ڕێژیمەدان.

هەروەها لە ئێستای ئێراندا، باری ئابووری لە دۆخێکی قەیراناویدایە و خەڵکی لەگەڵ گرانییەکی لەڕادەبەدەر بەرەوڕوون، کە بە زەحمەت توانای کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان هەیە.

ئەمە یەکەمجار نییە بەرپرسانی ڕێژیم، بۆ هەوڵدان بۆ پارێزگاریکردن لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانی خۆیان بەم چەشنە ڕاستییەکان چەواشەکاری دەکەن.