کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەواد زەریف: ئێران، وڵاتانی دیکە فێری دەورلێدانی گەمارۆوەکان دەکات

11:43 - 25 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم، لە جیاتی بیرکردنەوە بۆ چارەسەریی کێشە و گرفتەکانی خەڵک کە دەرکەوتەی سیاسەتەکانی ئەوانە، وڵاتانی دیکە بۆ فێڵ و کەڵەک هان دەدەن.

محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەز، کە بۆ  قەتەر سەفەری کردووە، لە دانیشتنێکدا، بە مەبەستی ڕێپیشاندان بە وڵاتی قەتەر بۆ خۆدەربازکردن لە دەست گەمارۆوەکانی عەرەبستان، ئەمارات، بەحرەین و میسر، هونەری دەورلێدانی گەمارۆوەکانی پێشنیار کردووە و وتوویەتی: ئێمە وڵاتانی دیکە فێری ئەو هونەرە دەکەین.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، دیارە کە ئێمە بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا لە ژێر گوشارداین، بەڵام ئایا ئێمە ئاڵوگۆڕ بەسەر سیاسەتەکانمان دێت؟ دڵنیاتان دەکەمەوە کە وەها شتێک ڕوو نادات.

وەزیری درەوەی ڕێژیم، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ بێکەڵکە، ئێران پێشتر بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئامریکا دانیشتووە و ئەنجامەکەشی ڕێککەوتنی ناوکی بوو، کە ترامپ لەو ڕێککەوتنە چووە دەرەوە و ئەم نیشانەی ئەوەیە کە دانوستان لەگەڵ ترامپ کەڵکی نییە.

ناوبراو لەم دانیشتنەدا، هەروەها باسی لەوە کردووە، کە مووشەکەکانی ئێران تەنیا بە مەبەستی بەرگریکردن ساز کراون و لەو پێوەندییەدا هیچ وتووێژێک ناکرێت و بڕیارنامەی ٢٢٣١ تەنیا ئاماژە بە کڵاوەی ناوکیی دەکات، نەک ئەوەی کە پێش بە تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکانە بگرێت.