کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەوادیی ئامۆلی بۆ زەریف: تەوقە کردن لەگەڵ دوژمن نیشانەی ئەدەبە

21:59 - 23 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: مراجع تقلید قوم لە چاوپێکەوتنێکیاندا لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، پشتیوانیی خۆیان لە چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیم دەربڕی.

بەپێی هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنا، وەحید خوراسانی، مەکارم شیرازی، سافی گوڵپایگانی، جوادیی ئامۆلی، نووری هەمەدانی و مووسا ئەردەبیلی، بەشێک لەو ئاخوندانە بوون کە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێراندا، وێڕای پێداهەڵگوتن لە ڕۆڵی زەریف لە پرسی ناوکیی ئێراندا، ئیدیعایان کرد کە تیمی دانووستانکار هیچ ئیمتیازێکیان بە لایەنە ڕۆژئاواییەکان نەداوە.

یەکێک لە گرینگترین چاوپێکەوتنەکانی زەریف، چاوپێکەوتن لەگەڵ جەوادیی ئامۆلی بوو. ئەو ئاخوندە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بەردەوام پشتیوانی تیمی دانوستانکاری ڕێژیم لە بەرانبەر کەسانی توندئاژۆی نێو دەسەڵات کە بە دلواپسان ناسراون بووە و تەنانەت بۆ بەرەوڕوو نەبوونەوەی ئەوان، پۆلەکانی وانە وتنەوەی لە شاری قوم داخستووە.

جەوادیی ئامۆلی لەو چاوپێکەوتنەدا، ئاماژەی بە تەوقە کردنی زەریف و باراک ئۆبامای سەرۆک کۆماری ئامریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

ناوبراو وێڕای پێداهەڵگوتن بە نەرمی نواندنی هەمیشەیی ڕێژیم لەبەرانبەر گوشارە دەرەکییەکاندا بە ڕەچاو کردن و پاراستنی ئەدەب لە هەڵسوکەوت لەگەڵ وڵاتانی دیگە ڕاگەیاند؛ تەوقە کردن هێمای ئەدەبە، بەڵام دوای تەوقە کردن پەنجەکانی خۆمان دەژمێرن، ئەمەش نیشانەی هۆشیاریی ئێمەیە.

وتەکانی ئەم ئاخوندە حکوومەتییە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، هەڵسوکەوتی دەستێوەردانانە و شەڕخوازانەی لەبواری سیاسی دەرەوە، بێ ڕێزی بە ڕێبەرانی سیاسیی وڵاتانی دیکە، دەستبەسەرداگرتنی باڵوێزخانەکان و دروشم دژی نەتەوە و وڵاتانی جۆراوجۆر، بەشێکی دانەبڕاوە و یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.