کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەیشولعەدڵ هێرشی کردە سەر مۆڵگەیەکی ڕێژیم

10:39 - 13 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی جەیشولعەدڵ، هێرشی کردە سەر مۆڵگەیەکی بەسیجی ڕێژیم لە نیکشەهری بەلوچستان کە بەهۆیەوە یەک کەس کوژراو و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەواڵدەریی مێهر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندان لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر ڕێوڕەسمی بەیانانی (صبحگاه) بنکەی بەسیجی نیکشەهری بەلوچستان کە لە ئاکامدا یەکێک لە پێرسۆنێلی ئەم بنکە کوژراوە و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

کاتژمێرێک پاش ئەم ڕووداوە ڕێکخراوی جەیشولعەدڵ لە رێگەی حیسابی تویتێری خۆی بەرپرسایەتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ گرتووە کە تێیدا نووسراوە: "ڕێکخراوی جەیشولعەدڵ بە ئاگاداری هەموو لایەک دەگەیەنێت، ڕۆڵە دلێرەکانی گەلی بەلوچ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٣ی ڕێبەندان، هێرشیان کردە سەر مۆڵگەیەکی سەرکووتی ڕێژیم سەر بە سپای پاسداران لە شاری نیکشەهر ."

لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵیشدا ئەم ڕێکخراوە توانی لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەست بەسەر مۆڵگەیەکی سپای پاسداراندا بگرێت و ١٢ کەس لە ئەندامانی سپای تێرۆریستی پاسداران بە دیل بگرێت.

نەتەوەکانی ئێران بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئێران، لەژێر زەخت و گوشاری دەسەڵاتبەدەستاندا بوون و جیا لە بێڕێزییە سیستماتیکەکانیان بەم نەتەوانە داگیرکەران هەوڵی بەتاڵانبردنی بەردەوامی سەرچاوە ژێرزەوینی و ڕووزەوینییەکانیان داوە.

لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا ئەم سیاسەتە دژە مرۆییە لە ڕێگەی سپای پاسداران و بەسیج و ئیتلاعاتەوە ئەنجام دراوە کە نەخش و دەوری باسکی سەرکوت و کوشتاری نەتەوەکانی ئێرانیان لە ئەستۆ بووە.