کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حاجی مامۆستا "عەبدوڵڵا سورخابی" کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری خەڵکی پیرانشار کۆچی دوایی کرد

10:53 - 5 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، حاجی مامۆستا "عەبدوڵڵا سورخابی" مامۆستای ئایینی و نیشتمانپەروەی خەڵکی "پیرانشار" بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

 مامۆستا "عەبدوڵڵا" کوڕی حاجی مەلا "عەلی سورخابی"، ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی لە گوندی "قەڵاتەڕەشـ"ـی پیرانشار لەدایک بووە. ناوبراو مامۆستایەکی نیشتمانپەروەر و مرۆڤدۆست و خۆشناوی شارەکانی پیرانشار، شنۆ، مەهاباد و نەغەدە بووە.

ئەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و زەخت و گوشاری ئەو ڕێژیمە بۆ سەر گەلی کورد و مامۆستایانی ئایینیی سوننە مەزهەب، هاوشێوەی زۆرێک لە دڵسۆزانی گەل و نیشتمان، ڕێبازی دێموکراتی هەڵبژارد و هەر لە سەرەتای ساڵەکانی ٥٨ی هەتاوی هەتا ٦٢ی هەتاوی وەکوو هەیئەتی ئیجرایی حیزبی دێموکرات و ئەندامی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار چالاکییەکانی دەست پێکرد.

حاجی مامۆستا "عەبدوڵڵا" لە ساڵی ١٣٦٢ بەهۆی زەخت و نائەمنیی پیرانشار زێدی خۆی بەرەو گوندی "نەڵۆس" بە‌جێ هێشتووە و بووە بە مەلای ئەو گوندە، سالی ١٣٦٧ ڕۆیشتووەتە مهاباد و لە گوندی "ئیندرقاش" وەکوو خووتبەخوێن لە مزگەوتی گوند دامەزراوە، ساڵی ١٣٨٢ گەڕایەوە نەغەدە و لە گوندی "کۆیکان" درێژە بە ئەرکە ئایینیەکەی داوە، ساڵی ١٣٨٥ گەڕایەوە پیرانشار و لە مزگەوتی قیبلە لەو شارە تا کۆتایی ژیانی دامەزراوە. تەرمی ناوبراو لە پیرانشار بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری مامۆستا "عەبدوڵڵا سورخابی" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.