کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکانی یەمەن بە یارمەتیی سپای پاسداران و حیزبوڵڵا قاچاخی مادەی هۆشبەر دەکات

18:38 - 21 بانەمەڕ 2722

سەرچاوە خۆجێییەکان لە زاری سەرچاوە ئەمنییەتییەکان لە ''سەنعا''ی پێتەختی یەمەن ئاشکرایان کردووە کە میلیشیا چەکدارەکانی حوسی بە یارمەتیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان تۆڕی مافیایی بەربڵاویان بۆ قاچاخی مادەی هۆشبەر بۆ یەمەن و وڵاتانی ناوچەکە پێک ‌هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ''مارب پرێس'' کە لە زاری سەرچاوە ئەمنییەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتی دەسبەسەرداگرتنی حوسییەکان بەسەر ''سەنعا''دا، قاچاخی مادەی هۆشبەر لە یەمەن پەرەی گرتووە، ئەو گرووپە بە کەڵکاوەژۆوەرگرتن لە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوەندەکانی ڕاگواستن، هەموو قاچاخچییانی ئەو ناوچەیەی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە حوسییەکان بە دەسبەرسەرداگرتن بەسەر سەنعا، دەیان زیندانیی تۆمەتبار بە قاچاخی مادەی هۆشبەریان ئازاد کردووە و پارە و ئیمکاناتیان بۆ دابین کردوون و ئەو کەسانە لە تۆڕی قاچاخی مادەی هۆشبەر بەکار دەبەن.

میلیشیا چەکدارەکانی حوسی دوای کۆنترۆڵی فرۆشیارانی بە ئەزموونی مادەی هۆشبەر لە یەمەن، فرۆشیاران و قاچاخچیی تازەکاری خۆیان بە هاوکاری لەگەڵ سپای پاسداران و حیزبوڵڵا ناچار دەکەن هەتا بازرگانیی مادەی هۆشبەر بکەن و پارەی زۆر بەدەست بێنن.

بەپێی زانیاری و بەڵگە ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن، هێزەکانی دەریایی و ئەمنییەتی لە عەمەلیاتێکی هاوبەش دەستیان بەسەر نزیکەی ٧٨ باری مادەی هۆشبەر لە ساڵی ٢٠١٦ هەتا ٢٠٢٢دا گرتووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن زۆرێک لە هێزەکانی حوسی تووشی مادەی هۆشبەر بوونە و بۆ بەدەستهێنانی ئەو مادەیە پەیوەست بەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەبەن.