کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسێن خەلیقی: تاکە ڕێگای ڕزگاریی کورد لەهەمبەر لەمپەڕەکان یەکگرتوویی نەتەوەیی کوردە

12:21 - 12 رەشەمه 2720

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بێلژیک وێبینارێکی بۆ دوکتور ''حوسێن خەلیقی'' کەسایەتیی ناوداری کورد، لەسەر بارودۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەمە، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی "بێلژیک" وێبینارێکی بۆ کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەی کورد، دوکتور''حوسێن خەلیقی'' بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە برد.

وێبینارەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ  ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

دوکتور ''خەلیقی'' بە مەبەستی شیکردنەوەی بارودۆخی ئێستای کورد لە قۆناغی هەستیاری ئێستادا، بە وردی تیشکی خستە سەر پیلان و پرۆژەکانی سێ ناسیۆنالیزمی فارس، عەرەب و تورک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەند بڕگەی مێژوویی لە سەدەکانی ڕابردوو دژ بە نەتەوەی کورد.

دوکتور ''خەلیقی'' باسی لەو کرد، بێ ئەگەر نییە کە هەتا ئێستاش پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاستی پێویست بەرەوپێش نەچووە، چوونکە دوژمنانی کورد، بە ئامانج و ستراتیژییەوە هەوڵیان داوە کە کورد یەکگرتوو نەبێت و نەتوانێت دەوڵەتی نەتەوەیی هەبێت و نەتوانێت ڕزگار بێت لە ژێردەستی ئەم سێ ناسیۆنالیزمەی زۆردار بەسەر کوردستاندا.

''حوسێن خەلیقی'' ئاوڕی لە زۆربەی ئەو هۆکار و فاکتەرانە دایەوە کە بوونەتە لەمپەڕ لەهەمبەر ڕزگارنەبوونی کورد لە بندەستی و بەردەوامیی داگیرکاریی کوردستان. ناوبراو لەم بوارەدا وتی: "تاکە ڕێگای ڕزگاریی کورد لەهەمبەر ئەم لەمپەڕانە و زۆرداریی زاڵ بەسەر کورد لەلایەن دەسەڵاتەکانی داگیرکەری کوردستان، یەکگرتوویی نەتەوەیی کوردە".

بە بۆچوونی دوکتور ''خەلیقی'' لەهەمبەر ستراتیژییەکانی قووڵ و هاوبەشی هێزە داگیرکەرەکان، کورد دەبێ وشیارانە هەوڵ بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو هەوڵ و هەنگاوانە بدات و یەکگرتوویی و تەبایی کورد باشترین چارەسەرە.

دوکتور ''حوسێن خەلیقی'' لە بەشی دووەمی باسەکەیدا، باسی دۆخی ئێستای کورد لە هەموو بەشەکان و وەکوو نەتەوە بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەشداران کرد.

ناوبراو زۆر هۆکار و ئەگەری خستەڕوو کە دەتوانن کاریگەر بن لەسەر ڕزگاریی کورد لە داهاتوودا، بەڵام گرینگترینیان ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد خۆیەتی و خۆپاراستن لە ناکۆکی و دووبەرەکی و پێویستیی بەهێزکردنی ڕۆحی یەکگرتوویی بە شێوەیەکی کردەوەیی و پراکتیکی.

بەشی کۆتایی وێبیناری تایبەت بە هەڵسەنگاندنی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەرخان کرابوو بۆ پرسیاری ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە بێلژیک کە لەلایەن "دوکتور حوسێن خەلیقیـ"ـیەوە وەڵام درانەوە.