کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسێن مووسەوی: پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا ئاڵۆزتر دەبێت

14:03 - 5 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: یەکێک لە دیپلۆماتکارانی پێشووی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دانیشتووی وڵاتی ئامریکا گوتوویەتی پیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا بەرەو خراپتربوون دەڕوات.

سەید "حوسێن مووسەویان"، یەکێک لە دیپلۆماتکارانی پێشووی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باسی لەوە کردووە هەنگاوی نوێی ئامریکا دژ بە ڕێژیمی تاران واتە بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەرخەری ئەوەیە کە ئامریکا دژی ئێران هەڵویستی توندتر دەگرێتە بەر.

ئەو دیپلۆماتە پێشووەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە گوشارەکانی ترامپ بۆ سەر ئێران درێژەی دەبێت بۆیە بۆ پاراستنی حەیاتی نەتەوەیی ئێران دەبێت بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئێران دۆخەکە بە باشی ڕەچاو بکەن.

ناوبراو گوتوویەتی، گوشاری ترامپ نابێتە هۆی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕووخێت؛ بەڵام جان بۆڵتۆن، مایک پۆمپێئۆ و بێنیامین نێتانیاهوو لەسەر ئەو باوەڕن کە گوشاری زۆر و هەڵوێستی بەبڕشت، ڕێژیمی ئێران لە دەورەی سەرکۆماریی ترامپدا دەڕووخێنێت.

مووسەوی باسی لەوەش کردووە کە ترامپ دەیهەوێت لەگەڵ ئێران دانوستان بکات و ئەوەش وەک بەرگێکی بەرندە بۆخۆی تۆمار بکات، بەڵام جان بۆڵتون ئامانجی ئەوەیە ڕێژیمی ئێران بگۆڕێت و ئێران هەڵوەشێنێتەوە.

هاوکات کۆنگرەی ئامریکا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بە هەموو شێوەیەک گوشار بۆ ئێران بهێنێت بەڵام لەگەڵ کردەوەی نیزامی دژی ئێران، دژایەتی دەکات.

بەپێی قسەکانی مووسەوی، نێتانیاهوو و هاوپەیمانەکانی عەرەبستانی سعوودیە، زۆریان بۆ گرینگە کە ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئێران بگۆڕدرێت.

لە لایەکی دیکەشەوە ئیسرائیل دەیهەوێ ترسی هەموو لایەک بشکێنێت کە شەڕی نیزامی دژی ئێران ئاسانە، بۆ نموونەش بەردەوام هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و ڕێژیمی ئێران هیچ دژکردەوەیەکی نەبووە.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە ترامپ هەتا ئێستا داوای دانوستانی لەگەڵ ئێران کردووە بە هەمان شێوە، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێرانیش گوتوویەتی کە ئامریکا ٨ جار داوای دانوستانی لەگەڵ ئێمە کردووە بەڵام ئێمە دەرفەتمان نەبووە؛ بەڵام ئەو دەرفەتەش وردە وردە کۆتایی پێ دێت.