کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز: شەڕی دەروونیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دادسەرای ئینقلاب، دژی ئەخلاقی ئینسانییە

13:39 - 21 جۆزەردان 2720

"حوسێن ئەحمەدی‌نیاز" مافناس و پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا" لەبارەی دوایین دۆخی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ  شەڕی ڕەوانیی ناوەند ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران مەحکووم کرد.

"ئەحمەدی‌نیاز" ڕایگەیاندووە: "زیاتر لە مانگێکە کە هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. سێ ڕۆژ پێش دادسەرای شنۆ بە باوکی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری ڕاگەیاندووە کە سەردانی بەڕێوەبەری تاوانەکان لە دادسەرای ئینقلابی ورمێ بکات. دوو ڕۆژ پێش باوکی هیدایەت پاش سەردانی ئەو ناوەندە، سەرەتا پێی ڕادەگەیەنن کە ئێمە هیچ ئاگادارییەکمان نییە. بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٩٩،  سەردانی بەرێوەبەری تاوانەکانی دادسەرای ورمێ  دەکات و ئەوان بەبێ شەرمانە ڕادەگەیەنن کە حوکمی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ٢٠ ڕۆژ پێش لە بەڕێوەبەری تاوانەکانی دادسەرای ئینقلابی شاری شنۆ، جێبەجی کراوە".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: "گوشارە ڕەوانەییەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکام و دادسەرای ئینقلاب لەسەر بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور نایاساییە و دژی تەواوی پێوەرەکانی مرۆیی و ئیخلاقییە".

"ئەحمەدی‌نیاز" ڕایگەیاندووە: "هاوکارانی بەڕێزی من؛ پارێزەر مازیار تاتایی و پارێزەر عوسمان موزەیەن بە بەردەوامی بەدواداچوونیان کردووە بەڵام تەنانەت یەک هەواڵی ڕاست کە دادسەرا بە پارێزەرانی دابێت، نەداوە. ئەو هەڵسوکەوتانە لەگەڵ هیچ کام لە یاسا و پێوەرەکانی ماف ناگونجێت".

ئەو پارێزەرەی پایە یەک باسی لەوەش کرد، من وەکوو یەکێک لە پارێزەرانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ئەو شەڕە ڕەوانی و دژە ئینسانییەی ناوەندە ئەمنییەتی و دادسەرای ئینقلاب لەگەڵ بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور مەحکووم دەکەین. ئەگەر حوکمی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور جێبەجێ کرابێت، جینایەتێک ئەنجام دراوە و دەبێ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بکەن.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی مەحکوومکراو بە ئێعدام، لە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و دادگوستەریی ورمێ و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، خۆیان دەبوێرن.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، خەڵکی شاری شنۆ، ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێنانی زۆرەملێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.