کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حووسییەکان بە دڕۆن هێرشیان کردە سەر هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی

11:12 - 10 بەفرانبار 2721

بەپێی هەندێک سەرچاوەی نیزامی ڕێکەوتی ٩ی بەفرانبار، حووسییەکانی یەمەن دڕۆنێکیان ئاراستەی بنکەی هێزەکانی یەمەنی بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعوودی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" هێزەکانی یەمەن ژێر فەرمانی عەرەبستان، بۆ شەڕ دژی حووسییەکانی یەمەن و بۆ ڕێگری لە داگیرکردنی پارێزگای خاوەن نەوتی "شبوه" بۆ ئەو ناوچەیە بەڕێ کراون.

سەرچاوەیەکی نیزامی لەو بارەوە ڕایگەیاندووە؛ لە هێرشی دڕۆنی حووسییەکان، ٤ سەرباز و  ١٣ کەسی دیکە بریندار بوونە بەڵام بەرپرسێکی خۆجێیی وتوویەتی؛ ٧ کەس لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەست داوە.

هەتا ئێستا نە لەلایەن حووسییەکان و نە لەلایەن هێزەکانی لایەنگری هاوپەیمانی بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانەوە کە بە تیپی "غوولەکان" ناسراون هیچ ڕوونکردنەوەیەک نەدراوە.

ئەو تیپە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بەفرانبار ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانیان لە ڕۆژئاوای یەمەن گەیشتوونەتە ناوچەی "شبوه".

حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن ماوەی شەش ساڵە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بە ڕێبەرایەتی عەرەبستان لە شەڕ دان. حووسییەکان توانیویانە هەتا ناوەندی پارێزگای "مارب" پێشڕەوی بکەن.

 پارێزگای "مارب" تەنیا ناوچەی بەرهەمهێنەری گازی سروشتیی وڵاتی یەمەنە و هەروەها گەورەترین شوێنەکانی خاوەن نەوتی ناوچەشی  لەخۆوه گرتووە.

حووسییەکان دزەیان کردووەتە نێو پارێزگای "شبوه" و ڕێگای تەداروکاتییان بۆ پارێزگای "مارب" گرتووە بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە دەست بە سەر تەواوی پارێزگاکەدا بگرن و ناوەندی ئەو پارێزگا هەر لە دەستی هێزەکانی دەوڵەت دایە.