کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حووسییەکانی جارێکی تر هێرشیان کردەوە سەر عەرەبستان

11:36 - 3 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یەمەن، جارێکی تر هێرشیان کردە سەر عەرەبستانی سعوودی و هێرشەکەیان تێک شکێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، میلیشیا چەکدارەکانی حووسی لە وڵاتی یەمەن، جارێکی تر هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتی عەرەبستانی سعوودی و هێرشی ئەمجارەی ئەو گرووپە تێرۆریستییە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و بۆ سەر فڕۆکەخانەی شاری "نەجڕانـ"ـی وڵاتی عەرەبستان بووە، کە لە لایەن هێزەکانی عەرەبستانەوە تێک شکێندراوە.

لەم بارەوە، تەلەفزیۆنی "ئەلمەسیرە"ی سەربە گرووپی تێرۆریستی حووسییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە، ۲ی جۆزەردان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاندووە، کە پێکهاتەی بەرگرییی دژە هێرشی ئاسمانیی "پاتریوتـ"ـی دروستکراوی ئامریکا، ئامانجەکەیان پێکاوە و تەقێندراونەتەوە.

لە لایەکی ترەوە، هەواڵدەریی فەرمیی عەرەبستانی سعوودی، لە هەواڵێکدا ڕایگەیاندووە، کە هێزەکانی ئاسمانیی ئەو وڵاتە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی شاری نەجڕان، کە بەرلەوەی ئامانجە دیاریکراوەکەی بپێکێت، تەقاندووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە میلیشیا چەکدارە تێرۆریستییە حووسییەکان، لە حەوتووی ڕابردوودا دوو وێستگەی پۆمپاژی نەوتی عەرەبستانی سعوودییان کردە ئامانجی کردەوەیەکی تێرۆریستی و ڕایانگەیاند، ئەو کردەوە تێرۆریستییە وەکوو پەیامێک بووە بۆ عەرەبستانی سعوودی، تاکوو واز لە هێرشکردنە سەر وڵاتی یەمەن بهێنێت، لە ماوەی ئەم حەوتوویەشدا ئەم هێرشە بە سێهەمین هێرشی ئەو گرووپە تێرۆریستییە بۆ سەر وڵاتی عەرەبستان هەژمار دەکرێت.

لەم پەیوەندییەدا، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە، کە میلیشیا چەکدارە تێرۆریستییە حووسییەکان لە وڵاتی یەمەندا، بەرنامەی هێرشکردن بۆ سەر نزیک بە ۳۰۰ ئامانجی گرینگیان لە نێو خاکی وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتوویی عەرەبیدا هەیە.