کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حووسییەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشێکی مووشەکییان کردە سەر عەرەبستانی سعوودی

13:06 - 31 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، لە یەمەن، هێرشێکی مووشەکییان کردووەتە سەر عەرەبستانی سعوودی، کە مووشەکەکان تێک شکێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی عەرەبستانی سعوودی، سەرلەئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ۳۰ی بانەمەڕ، میلیشیا چەکدارە حووسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، لە وڵاتی یەمەن، هێرشێکی مووشەکییان کردووەتە سەر وڵاتی عەرەبستانی سعوودی، کە لە لایەن پێکهاتەی بەرگریی دژە مووشەکیی وڵاتی عەرەبستانەوە مووشەکەکان تێک شکێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، گرووپی تێرۆریستی حووسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران، دوو مووشەکی بالستیکیان بەرەو شاری مەکە و شاری جەدە هاویشتووە، بەڵام بەرلەوەی کە ئەو مووشەکانە ئامانجەکانی خۆیان بپێکن، لە لایەن پێکهاتەی بەرگریی دژە مووشەکیی عەرەبستانی سعوودییەوە لە ئاسماندا تێک شکێندراون.

شایانی باسە، کە گرووپە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئێران لە ناوچەکە و بەتایبەت حووسییەکانی یەمەن، حیزبوڵڵای لوبنان و حەشدی شەعبیی عێراق کە ڕاستەوخۆ لە ڕێژیمی ئێران و لقی قودسی سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە سەرجەم چەکوچۆڵ و بڕیارەکان وەردەگرن، ئەمە یەکەمجارییان نییە کە هێرشی مووشەکی دەکەنە سەر وڵاتانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، کە حووسییەکان لە ساڵی ۲۰۱۷ی زایینیدا، جارێکی تر شاری مەکەیان کردووەتەوە ئامانجی مووشەکەکانی خۆیان.

لەم بارەوە، ڕادیۆ دەنگی فەڕانسە، ڕۆژی یەکشەممە، ۲۹ی بانەمەڕ، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەنەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕایگەیاندووە، کە میلیشیا چەکدارە تێرۆریستییە حووسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی یەمەن، بەرنامەی هێرشکردن بۆ سەر نزیک بە ۳۰۰ ئامانجی گرینگیان لە نێو خاکی وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتوویی عەرەبیدا هەیە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو ئامانجە گرینگانە، ناوەندە سەربازییەکان و شاڕێگا سەرەکی و هەستیارەکانی ئەو دوو وڵاتەیە لە نێو خاکی وڵاتانی خۆیاندا و تەنانەت بەرنامەی هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەو دوو وڵاتەشیان لە وڵاتی یەمەندا هەیە.

میلیشیا چەکدارە تێرۆریستییە حووسییەکان، لە حەوتووی ڕابردووشدا، دوو وێستگەی پۆمپاژی نەوتی عەرەبستانی سعوودییان کردە ئامانجی کردەوەیەکی تێرۆریستی و ڕایانگەیاند، کە ئەو کردەوە تێرۆریستییە وەکوو پەیامێک بووە بۆ عەرەبستانی سعوودی، تاکوو واز لە هێرشکردنە سەر وڵاتی یەمەن بهێنێت.

بەڵام کاربەدەستان و بەرپرسانی باڵای عەرەبستانی سعوودی، ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران بە هاندەر و یارمەتیدەری حووسییەکان بۆ ئەو هێرشە بۆ سەر چاڵە نەوتییەکانی وڵاتی خۆیان دەزانن.