کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی زارا دەبێ هەڵبوەشێتەوە

13:14 - 28 پووشپەڕ 2720

چالاکانی مەدەنی و زمانەوانی بۆ مەحکوومکردنی حوکمی بەسەرداسەپاوی "زارا محەممەدی" و پشتیوانیکردنی ناوبراو، گەردەلوولێکی تویتێرییان بەڕێ خستووە.

چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ پشتیوانیکردن لە "زارا محەممەدی" مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی شاری سنە و مەحکووم بە ١٠ ساڵ بەندکران، گەردەلوولێکی تویتێرییان بەڕێ خستووە.

ئەو گەردەلوولە تویتێرییە، شەوی شەممە ٢٨ی پووشپەڕ، بەرانبەر لەگەڵ ١٨ی ژووئییە، کاتژمێر ١٠ی شەو بە کاتی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە دەچێت.

هەشتەگەکانی تایبەت بەو گەردەلوولە تویتێرییە بریتین لە: "#حوکمی_زارا_دەبێ_هەڵبوەشێتەوە و #exoneratezara".

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و زمانەوانی و مافناسەکان و هەروەها خەڵکی کوردستان بە دانانی پۆست و بابەت و هەشتەگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو حوکمە ناڕەوایەی دادگای ڕێژیمی ئێران لەسەر "زارا محەممەدیـ"ـیان مەحکووم کرد.

هەروەها لە هەر چوار بەشی کوردستان کەسایەتیگەلی ناودار و خەڵکی کوردستان پشتیوانیی خۆیان لە "زارا محەممەدی" و بێزارییان لە دادگا ناڕەواکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی.

"زارا محەممەدی" مامۆستای زمانی کوردیی ئەندام لە ڕێکخراوی "نۆژین" لە شاری سنە، ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی، لەلایەن لیباس شەخسییەکانی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و هەتا ١٠ی جۆزەردان لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرابوو.

سەرەنجام ناوبراو پاش ٦ مانگ دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" دادگاییەکی بەڕێوە برد و حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی ئەو چالاکە زمانەوانییەی، بە تۆمەتی "دانانی دەستە و گرووپ دژ بە نیزام بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاند.