کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەت چیدیکە ناتوانێت پێش بە گرانیی لەڕادەبەدەری پێدوایستییە سەرەکییەکان بگرێت

14:14 - 13 بانەمەڕ 2720

لەگەڵ دابەزینی نرخی تەمەنی ئێرانی و پەرەسەندنی زیاتری گەندەڵیی سیستماتیکی ڕێژیم و دزیی کاربەدەستانی باڵای ڕێژیم، نرخی کاڵاکان بەردەوام ڕوی لە زیاد بوونە .

لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران کە نەیتوانیوە پێش بە گرانی بگرێت و بە قسەی خۆیان لە هەوڵدا بووە ئەو گرانییە مودیرییەت بکات، تەنانەت نەیتوانیوە لانیکەم پێش بە گرانیی کاڵا سەرەکییەکانیش بگرێت.

برنج، ماکارۆنی، ڕۆن، شەکر، قەند و چایی و... هەندێک لەو کاڵایانەن کە ئیدی ڕێژیمیش نایهەوێت یان ناتوانێت بە ئەرزی ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەنی هاوردەی بکات. بەشێک لەم کاڵایانە ڕاستەوخۆ هاوردەی ئێران دەکرێن و بەشێکیشیان ماددە سەرەتاییەکانی لە دەرەوەی وڵات و بە دۆلار هاوردەی ئێران دەکرێت .

لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕێژیم برنجی بە دۆلاری ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەن هاوردە نەکردووە، بۆیە بەردەوام نرخی برنجی پاکستانی و هێندی ڕووی لە هەڵکشانە و تەنیا لە ماوەی پازدە ڕۆژی ڕابڕدوودا ئەم کاڵایە نزیک بە ٣٥ لەسەد گران بووە. بازرگانانی برنج دەڵێن، ئەم گرانییە بە شێوەی پلە پلە بەردەوام دەبێت و کیلۆیەک برنجی پاکستانی هەتا زیاتر لە بیست هەزار تمەن دەڕوات .

ماکارۆنیی ۷۰۰ گرەمی لە ٤هەزار و ٥٠٠ تمەنەوە هەتا ٥ هەزار و ٥٠٠ تمەن گران بووە کە دەوترێت ئەویش هەتا زیاتر لە ۸ هەزار تمەن گران دەبێت .

ڕێژیم بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی تێرۆریستەکان لە وڵاتانی ناوچە و پارەی گیرفانی ئاغازادەکانی لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکایی دابین بکات، پەلاماری بژێویی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران و کوردستان دەدات.