کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی داهاتووی کوردستان لەژێر ڕۆشنایی کۆماری کوردستان

11:40 - 2 رێبەندان 2719

ئەلبورز ڕۆئین تەن

٢ی ڕێبەندانی ئەم ساڵ لە کاتێکدا بەرەو پیری دەچین و جێژنی دەگرین و ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەینەوە کە ‌ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بازنەیەکی ئاڵۆز و قەیراناویدایە و ئێرانیش لە قەیرانێکی گشتگیر و بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێ، ڕۆژهەڵاتیش کە خاوەن ڕابردوو ‌و ئەزموونێکی بەنرخی کۆماری کوردستانە بە گڕ و تینێکی زۆرترەوە سەیری داهاتوو دەکات.

ئەمڕۆ دنیا و ناوچە و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی لە هەبوونی حکوومەتێکی دیکتاتۆر و دژە گەلی وەزاڵە هاتوون. جۆش‌ و خرۆشی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران هیوایەکی زۆری بۆ سەرکەوتنی گەلانی ئێران لە دەست دێوەزمەی سەردەم دروست کردووە، ئەم هەستانەوەیە بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژیم ڕەوایی خۆی زیاتر لەدەست بدا و کوڵەکە سەرەکەییەکانی لەق بوونە و بەرەو داڕمان دەچێ.

لێرەدا گرینگ ئەوەیە ئێمەی کورد چەند دەتوانین خاوەن داهاتوویەکی جیاواز بە واتا ئەرێنییەکەی بین؟

ئەو نیگەرانییە بۆ کورد زیاتر لە  خەڵکی دیکە هەیە، چونکە بە درێژایی مێژوو گەلێکی ستەم لێکراو بووە، وێڕای هەبوونی هەموو ئەو ویست و داخوازییانەی کە هەر تاکێکی دیکە هەیەتی، کورد بەرەو ڕووی سیاسەتی بە داگیرکردنی وڵاتەکەی و سڕینەوەی شوناسی نەتەوایەتی و چەواشەکردنی مێژوو و گۆڕینی دێموگرافی جوغرافیاکەی و شێواندنی کولتوورە دەوڵەمەندەکەی و بە فارس کردنیەتی.

تەنانەت لەلایەن بەشێکی بەرچاوی ڕووناکبیرانی توێژی نەتەوەی فارسیشەوە ئازادبوونی کورد بە واتای نەمانی ئێران دەزانن و ئەمەش بە گوڕینی زۆر هاوکێشەی دیکە هەژمار دەکرێت، هەر بۆیەش  لێکۆڵەران و شرۆڤەکارانی بواری سیاسی و دۆخی کورد، ئاسۆی داهاتووی بەردەوامی ستەم تەنانەت بە گوڕینی دیکتاتۆرەکانیش هەر بەدی دەکرێ.

لەوەها دۆخێکدا ڕوانین بەرەو داهاتووی کورد دەبێ زیاتر لە چاوەڕوانی هەڵگری خۆ ئامادە کردنێکی بێ کۆتایی بۆ هەر ئەگەرێک بێت، کە لەسەر بنەمای خوێندنەوەی ڕیئالیتەی دۆخی مەوجوود و مێژووی پڕ لە نەهامەتیی ژێردەستی و گزی داگیرکەر و ویست و داخوازییە سەرەکییەکانی گەلی کورد و دانانی بەرنامەیەکی زانستییانەوە بێ.

گرینگیی ئەو ئەسڵەش لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییە بێت، چونکە  تەنیا کاتێک کورد دەتوانێ هەست بە بەختیاری بکات کە لەسەر خاكی خۆی بتوانێ سەروەریی خۆی بەدەست بێنێ و لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی لە ئێستا و  لە داهاتوودا سەربەست بێ.

ئەگەر لە مێژووی خوێناویی کورد بڕوانین، ئەو بەختیارییە تەنیا کاتێک دەستەبەر بووە کە کورد توانیبێتی ئەو سەروەرییەی بەدەست هێنابێت.

بۆ نمونە دەتوانین ئاماژە بە کۆماری کوردستان بکەین، دەبینین لەژێر دەسەڵاتی دێکتاتوریی بنەماڵەی پەهلەویدا نەتەوەی کورد و کوردستان بە چەند قات دەچەوسێندرایەوە، بەهۆی ئەو دەرفەتە کە لە ئاکامی بارودۆخی نێونەتەوەی شەڕی دووهەمی جیهانی هاتە ئاراوە، لەلایەن بلیمەتێکی وەک پێشەوای نەمر و یارانی لە حیزبی دێموکراتدا توانرا کەڵک لەو دەرفەتە وەرگرن کۆمارێکی مودێڕنی سەردەمییانە لە بەشێکی کوردستانی گەورەدا دادەمەزرێنن، سەرەڕای کەمیی تەمەنی کۆمار هەروەها هەموو ئەو کۆسپ‌ و ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە سەر فەسڵێکی نوێ و ڕۆژگارێکی بەختیار بۆ کورد بەدی دێت کە هەست بە بوون ‌و ئازادیی‌ خۆی کردووە.

کۆماری کوردستان لە زۆر ڕوانگەوە بە خاڵێکی گرینگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ کورد هەژمار دەکرێت و لێکۆڵەرەکان بە ئەستێرەی درەوەشاوەی مێژووی کورد ناوی دەبەن، هۆکارەکانی ئەو گرینگیپێدانە زۆرن، بەڵام ئەگەر تەنیا ئاماژە بە خاڵێک بکەین، ئەویش بەدەستهێنانی سەرەوەریی کورد  لەسەر خاکی خۆی بوو، کە توانیبووی بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت سەربەستی  و ئازادی بۆ گەلەکەی دابین بکات. ئەوەش لە ڕێگای دامەزراندنی حکوومەتێکی نەتەوەیی کە لەسەر بنەما دێموکرتیکەکان و ڕێزگرتن لە نرخە گەردوونییەکان و مافەکانی مرۆڤ بەدی هاتبوو.

پێویستیی هەبوونی حکوومەتێکی وەها لە جوغرافیای پڕ لە نەهامەتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، تەنانەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ کە ٧٤ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تێپەڕ دەبێ، وەرچەرخانێکی بێوێنەی مێژووییە.

لەژێر ڕووناکی ئەو پرەنسیپە کە کۆماری کوردستان هەیبوو، واتە بەدەستهێنانی سەرەوەری بۆ گەلی کورد، پێویستە ئەم گەلە خاوەنی حکوومەتی خۆجێیی خۆی بێت لە ئێرانیکی دێموکراتیک و فیدراڵدا. بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش پێوستە ڕەچاوی ئامادەکردنی کورد لە قوناغەکانی بەر لە گەیشتن بەو حکوومەتە بکەین.

قوناغی پێش ڕووخانی ڕێژیم، ئەم قوناغە مەودایەکی دیاریکراوی نییە، لەوانەیە هەر ئەو ناڕوونییە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی ئەو قوناغە بێت، هەر بۆیەش ئامادەیی لەو قوناغەدا دەبێ بە جورێک بێ کە سبەی ڕوژ ڕێژیم دەڕووخێ و بەرەو قوناغی گواستنەوە دەچین، خاوەن پلان و ستراتیژیی تایبەت بین و بە بەرنامەیەکی تۆکمەوە بەرەو پێش بچین تا بەسەر هەواری خاڵیدا نەکەوین.

بە خۆشحاڵییەوە هەنگاوەکانی سەرەتای ئەم قوناغە لە دوو ئاستی دەستپێکی "ڕاسان" و دامەزراندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان شوێندانەر و دڵخوشکەر بوونە. هوای بووژانەوە و ئومید بە سەرکەوتن  بە خەڵکی ڕۆژهەڵات بەخشیوە. بۆیە لەو هەلومەرجەدا لە هەموو کاتێک زیاتر دەبێ چالاک و هەست بە بەپرسایەتی بکەین تا سەرکەوتووانە لەم تاقیکردنەوەدا سەرکەوین.

لە کۆتاییشدا بە دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتیک کە لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتدا بە وردی باسی لێوە کراوە، دەتوانێ وێڕای بەدیهێنانی ئارەزووی دێرینەی نەتەوەی کورد، بەختیاری بۆ دانیشتووانی کوردستان مسۆگەر بکات.