کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی عێراق هیچ ئاوڕێک لە ڕێژیمی ئێران ناداتەوە

12:38 - 17 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران کە هەموو مانگێک، ٢٠٠ میلیۆن دۆلار  گاز بۆ وڵاتی عێراق هەناردە دەکات، هیچ پارەیەکی لەو پێوەندییە بۆ ناگەڕێتەوە.

وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران، بیژەن زەنگەنە، لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا، باسی لەوە کردووە، کە لە کۆی وڵاتانی ئورووپاییدا، تەنیا تورکیە لە ئێران نەوت دەکڕێت، هەرچەندە مانگانە ٢٠٠ میلیۆن دۆلار گازیش بۆ وڵاتی عێراق هەناردە دەکرێت، بەڵام عێراق لە دانەوەی ئەو بڕە پارەیە بە ئێران خۆی دەبوێرێت و هەتا ئێستە عێراق بڕی ٢ میلیارد دۆلار پارەی گاز و کارەبا بە ئێران قەرزدارە.

زەنگەنە لە بەشێکی دیکەدا وتوویەتی: هیچ وڵاتێک بۆ ئێمە لەخۆبردوو نییە و ئێمەش ئەو چاوەڕوانییەمان نییە، عێراق ڕێگای ئاسانی زۆری بۆ یارمەتیدان بە ئێمە لە بەردەستە و هەر هەموویانمان پێ پێشنیار کردوون، بەڵام عێراق هیچ کامەیانی قەبووڵ نەکردووە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، کە کێشەکە ئامریکایە و وڵاتی عێراقیش بە هۆی گوشارەکانی ئامریکا لەگەڵ هەناردەکردنی نەوتی بەسرە، سووئاپی نەوتی کەرکووک و تەنانەت ئەنجامی توێژینەوە و تاوتوێکردن لەو بوارەوە ناڕازییە.

ڕێژیمێک کە ساڵانێکە داهات و سامانی خەڵکی ئێران لە پێناو مانەوەی خۆی بە بەلاش بە وڵاتانی عێراق و سووریە و چەندین وڵاتی دیکە دەدات، کەوتووەتە دۆخێکەوە کە هیچ کام لەو وڵاتانە ئاوڕێکی لێ نادەنەوە.