کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر دۆسیەی "مستەفا سەلیمی" وەدەنگ هات

18:30 - 23 خاکەلێوه 2720

 "مەسرور بارزانی" سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەنیسبەت ڕادەستکردنەوەی "مستەفا سەلیمی" زیندانییەکی کورد خەڵکی سەقز کە پەنای بۆ هەرێمی کوردستان هێنابوو، داوای لێکۆڵینەوەی کرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕایگەیاندووە : ''لە زۆرێک لە کاناڵەکانەوە باسی ئەوە دەکرێت کە هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی مستەفا سەلیمی کە پەنای بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، لە سنووری پێنجوێن، لەلایەن ئاسایشەوە ڕادەستی ئێران کراوەتەوە".

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "حکوومەتی هەرێم ئاگاداری ئەو بابەتە نییە و ئەگەر شتێکی وا ڕوویدابێت ئەوە بەبێ ئاگاداری حکوومەتی هەرێم کراوە".

لەو پێوەندییەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی داوە بۆ لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوە لێژنەیەکی لێکۆلینەوە پێک بهێندرێت.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی خاکەلێوە، حوکمی ئێعدامی "مستەفا سەلیمی"، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی سەقز لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.

بە وتەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆیی کورد، ناوبراو پاش هەڵاتن لە زیندانی سەقز، له‌ سنووری بانه‌ ده‌سبه‌سه‌ر ده‌كرێ و دواتر حوكمی ئێعدامه‌كه‌ی ئیجرا ده‌كرێ.