کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی هەرێمی کوردستان وڵامی قسەکانی "حەسەن نەسروڵڵا"ی دایەوە

12:11 - 23 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دوای ئه‌وه‌ی کە ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان لە گوتارێکدا لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی داعش و دژی هێزی پێشمەرگە قسەی کردبوو، لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمەوە وڵامی درایەوە.

دوای ئه‌وه‌ی ''حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا''، ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە له‌ گوتارێکدا به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی هه‌فته‌یەک به‌سه‌ر كوژرانی تێرۆریست ''قاسم سلێمانی" و ''ئه‌بوو مه‌هدی موهه‌ندیس''، لە دژی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ''مەسعوود بارزانی'' قسەی کردبوو، لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمەوە وڵامی درایەوە.

''جووتیار عادل''، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کورستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌ڵامی قسەکانی  ''حەسەن نه‌سروڵڵا''ی دایەوە و وتی: ''پێمان سەیرە کە بە دەنگێکی لەرزۆک و شێوازێکی هەرزەکارانە، هێرش دەکەیە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێبەری نەتەوەیەک. تۆ کە چەندین ساڵە ڕەنگی خۆرت نەبینیوە و لەژێر زەوییەکان خۆت حەشار داوە، کەچی ئیهانە و سووکایەتی بە گەلێکی قارەمان دەکەیت. لە جیاتی ئەو هێرشە نابەجێیە، هەقبوو داکۆکی لەو نەتەوە ژێردەستە بکەیت کە چەندین ساڵە ستەم و زۆرداریی لێ دەکرێت".

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کورستان باسی لەوە کرد، ئەوە هێزی پێشمەرگە بوو هەولێر و کوردستانی پاراست نەک خەڵکی تر.

هەروەها ناوبراو ڕوو لە ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان وتی: ''تۆ کە لە ترسی نەیارەکانت ناوێری سەر هەڵبڕی، بۆ شەڕ بە نەتەوەیەک دەفرۆشی کە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە''.

هەروەها هێزی دژه‌ تێرۆری هه‌رێمی كوردستان بەنیسبەت قسەکانی ''حەسەن نەسروڵڵا'' کاردانەوەی نیشان دا و لە بەیانییەکدا وڵامی ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنانی دایەوە.

ئەو قسانەی ''نەسروڵڵا'' لە حاڵێکدایە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی هێرشی تێرۆریستانی داعش بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، گەورەترین فیداکاریی بۆ پاراستنی خاکی کوردستان نیشان دا و هەزاران شەهیدیان پێشکەش بە نیشتمان کرد، بە شێوەیەک کە جیهان دانی بەوەدا نا کە هێزی پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی جیهان شەڕی تێرۆر دەکات.