کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی ئەفغانستان بانکی ئاریەنی ڕێژیمی ئێرانی لەو وڵاتە داخست

11:57 - 29 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: حکوومەتی ئەفغانستان، بانکی ئاریەن، تاکە بانکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لەو وڵاتە داخست.

بەرپرسانی حکوومەتیی وڵاتی ئەفغانستان ڕایانگەیاندووە، بانکی ئاریەن تاکە بانکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ئەفغانستانی داخستووە، کە لە لایەن دوو بانکی سادرات و میللیی ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ سپیکردنەوەی پارە و دەورلێدانی گەمارۆوەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران لە وڵاتە دانراوە.

بانکی ئاریەن، ساڵی ۲۰۰٤ی زایینی، لە لایەن بانکەکانی سادرات و میللیی ڕێژیمی ئێران، بە سەرمایەگوزارییەکی ۱۰ میلیۆن دۆلاری دەستی پێ کردووە و هەموو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئەفغانستان لە ڕێگای ئەو بانکەوە ئەنجام دەدرا، کە دواتر ڕێژیم لەو بانکە کەڵکاژۆی وەرگرتووە و هەوڵی سپیکردەنەوەی پارە و دەورلێدانی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر خودی ڕێژیمی داوە.

بەرپرسانی بانکی ناوەندی ئەفغانستان و بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئەو وڵاتە، بە هۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەیەک کە لە نێوان ڕێژیمی ئێران و حکوومەتی ئەفغانستاندا هەبووە و هەروەها پێشێلکردنی یاساکانی حکوومەتی ئەفغانستان، بانکی ناوەندی ئەفغانستان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی چالاکییەکانی بانکی ئاریەنی ڕێژیمی ئێرانی دەرکرد و حکوومەتیش ئەو بانکەی داخست.

بە هۆکاری گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێژیمی ئێران تووشی تەنگاو بووە و بارودۆخی ئەو وڵاتە تووشی قەیرانگەلێکی دژوار هاتووە، بۆیە ڕێژیمیش بەردەوام لە هەوڵدا بووە، کە لە هەر هەلێک بۆ دەورلێدانی گەمارۆوەکان و سپیکردنەوەی پارە کەڵک وەر بگرێت کە ئەو ڕێگانەشی لێ گیراوە.