کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیجاب، ئامرازی دواکەوتوویی

11:07 - 14 پووشپەڕ 2720

پژمان شەریعەتی

لەو کاتەوە کە مرۆڤ پێی ناوەتە سەر زەوی، بەردەوام هەوڵی داوە کە بۆ پاراستنی خۆی لە بەرامبەر ڕووداوە سروشتییەکانی دەوروبەری و کەشی ئەو ناوچەیە کە تێیدا دەژیت، کەڵک لە جل یان بەرگێکی گونجاو وەربگرێت کە بیپارێزێت.

لە مێژووی جلوبەرگی مرۆڤدا ڕێکەوتێکی ورد و دیار بوونی نییە، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان، بەکارهێنانی یەکەم جلوبەرگ دەگەڕێتەوە بۆ ١٧٠ هەزار ساڵ لەمەوپێش.

بە درێژایی مێژوو و بە پێشکەوتنی مرۆڤەکان و تواناییان لە ڕاوی گیانلەبەرەکاندا، توانییان بە پێستی ئاژەڵان جلوبەرگ بۆ خۆیان ساز بکەن و ئەو پێشکەوتنە بەردەوام بوو هەتا دروستکردنی دەستگای بافەندگی و دروستکردنی پارچە و هەروەها سەنعەت و هونەری "مۆدێلینگ" و دیزاینی جلوبەرگ لە ئەمڕۆدا.

کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە درێژایی مێژوودا بە بەردەوامی مەیلی لەبەرکردنی جلوبەرگی هەبووە و لە سەردەمی باستان لەنێوان ژنانی زۆریک لە وڵاتانی دونیادا لەبەرکردنی جلوبەرگ و داپۆشینی جەستە هەبووە کە ئەمە بە زاڵبوونی دەسەڵاتی حاکمەکان و دین و ئایینەکان بووەتە پرسێکی زۆرەملێ و عورفی کۆمەڵگا.

بە زاڵبوونی ڕوانگەی جنسیەتی بەنیسبەت ژنان و پەرەسەندنی پیاوسالاری، لەو ڕووەوە کە دەسەڵاتداران زۆرینەیان پیاو بوون، شێوازی داپۆشینیان بە حەزی خۆیان بۆ ژن دیاری کردووە، بە شیوەیەک کە هەر چینێک لە ژنان دەبا داپۆشینی تایبەتی خۆیانیان هەبێت، بۆ نموونە ژنانی دەربار، کەنیزەکان، ژنانی خزمەتکار و مەزهەبی هەرکامیان داپۆشینی تایبەتیان بۆ دیاری کراوە و سەرپێچی لەو داپۆشینە دیاریکراوانە سزای توندی هەبووە.

لە دریژەی مێژوودا بە پەیدابوونی چەمکی حیجاب، بەتایبەت بە زاڵبوونی دین و ئایینەکان لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی، پرسی حیجاب کە لە ڕاستیدا عەقڵییەتێکە، دەبێتە یاسایەکی دینی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان، هەر چەند هەموو داپوشینێک بە واتای حیجاب نییە و هەر نەتەوەیەک جلوبەرگی تایبەت بە خۆی لە کولتووریدا هەیە و هەر کامەیان بە شێوازێک جەستەیان داپۆشیوە کە ناتوانین ئەوان وەکوو حیجاب ناو ببەین و تەنیا بەشێکە لە کولتوور.

بەڵام حیجابی زۆره‌ملێ، بە واتای ڕاستەقینەی خۆی، هەڵقوڵاوی ڕوانگەیەکی جنسیەتی و عەقڵیەتێک پیاوسالارانەیە و وشەیەکی عەرەبی بە واتای، ڕووپۆش، ڕووبەند و هەر شتێکە کە ڕێگر لەنێوان دو شتدا بێت.

لەلایەکی دیکەشەوە بە ڕوونی و دیاریکراوی حیجاب لە داپۆشینی ئەندامەکانی جەستە بەباشی دیاری نەکراوە، بەڵام زەروورەتێکی زۆر لەسەر داپۆشینی قژ و دەست کراوە و لەنێو وڵات و کۆمەڵگا شێوازی حیجاب و بەڕێوەبردنی یاسایی و ئایینیی ئەم بابەتە جیاوازە.

لە ئێراندا دوای هاتنه‌سه‌ركاری ڕێژیمی ئیسلامی، پرسی داپۆشینی ژن بەتایبەت بۆ نەتەوە داگیرکراوەکان بووە بە قەیرانێکی کولتووری، چونکە نەتەوەکان بەتایبەت کورد لە بواری داپۆشین و جلوبەرگەوە کولتووری تایبەت بە خۆی هەیە کە پاش گوشاری داگیرکەران بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕێگری کراوە لە ژیانی ئاسایی و کولتووریی کورد بە هێما نەتەوەییەکانی کە یەکێک لەوان جلوبەرگی کوردییە کە مێژوویەکی چەند هەزار ساڵەی هەیە.

ئەم گوشار و هێرشە فەرهەنگییە بۆ سەر کوردستان بە دامەزراندنی دوڵەتی مودێڕن لە ئێران و دیاریکردنی یاسا توندتر دەبێت، بەتایبەت لە دەسەڵات بەدەستەوەگرتنی ڕێژیمی دژە گەلیی کۆماری ئیسلامیدا، پرسی حیجاب دەبێتە یاسایەکی دەوڵەتی، کولتووری و ئایینی و کۆمەڵگای ژنانی نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران دەخرێنە ژێر گوشار و ناچار دەکرێن بە پێڕەوکردنی حیجابی زۆرەملێ.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە دین و ئایین و لە ڕاستای عەقڵیەتی کۆنەپەرستانە، هەر چەشنە ئازادییەکی لە ژن وەرگرتووە و بە بەردەوامی هەوڵ دەدات کە مرۆڤبوون لە کەسایەتیی ژن بستێنێت و وەکوو کەرەستەیەک بە کاری بێنێت.

لە دونیای ئەمڕۆدا داپۆشین و شێوازی جلوبەرگ لەبەرکردن بووەتە یەکێک لە هەرێمە هەرە شەخسییەکانی هەر تاکێک و لە کۆمەڵگا مودێڕنەکان یاسای تایبەتیشی بۆ داڕێژراوە، تاک بۆی هەیە بەپێی خواست و سەلیقەی خۆی جلوبەرگ هەڵبژێرێت و لەبەری بکات و کەس بۆی نییە ببێتە ڕێگر یان ناچار بە لەبەرکردنی داپۆشێنیکی دیکەی بکات. سەرەڕای هەبوونی یاسا لەو بوارەدا ئەمە بووەتە کولتووری کۆمەڵگا و تاکی مودێڕن و تەنانەت لە ڕوانگەی زیبایی شناسیشەوە هەر تاکێک لە داپۆشینی جەستەی خۆی بە هەر ڕەنگ و مودڵێک لە جلوبەرگ موختارە.

لەم سەردەمەدا کە هەرێمی شەخسیی تاکەکان بایه‌خێکی یەکجار زۆری هەیە و ئەمنییەتی ڕەوانی تاک دابین دەکات، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەبێ لەبەرچاو گرتنی هەر چەشنە بیروباوەڕ و ئەندێشەیەکی ئازادیخوازانە و سەربەخۆیی تاک لە ژیانی شەخسیی خۆیدا، بە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بە مەبەستی زەوتکردنی ئازادیی تاکەکەسی و سەلماندنی دەسەڵاتی ناڕەوای خۆی، کۆمەڵگای ئێرانی تووشی قەیران کردووە.

هەرێمی تاکە کەسی و پاراستنی ئەو هەرێمە کە لە ئازادییە هەرە سەرەکییەکانی هەر تاکێکە، لە ساختاری توتالیته‌ری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا هیچ واتایەکی نییە و بە دروستکردنی گرووپی میلیشیایی وەکوو بەسیج، ستادی "امر بە معروف و نهی از منکر"، "گشت ارشاد" و "خواهران زینب" و زۆر گرووپی دیکە کە ماهییەتی نیزامی و کۆلۆنیاڵیستییان هەیە، بە بەردەوامی کۆمەڵگا دەخەنە ژێر گوشار بۆ بەکاربردنی حیجاب و ئەوە گرفتێکی زۆری بەتایبەتی بۆ لاوان دروست کردووە.

لاوانی نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران کە هەر کامەیان کولتووری تایبەتیی خۆیان هەیە و لەم سەردەمەدا کە پەیوەندییە گشتییەکان گەشەیەکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە و لەگەڵ ژیانی ئازاد و مودێڕن ئاشنا بوون، بە زۆرەملێ ناچار دەکرێن کە یاسا و شەرعی داگیرکەرێکی کۆنەپەرست و دژە مرۆڤ پێڕەو بکەن و لە هەرچەشنە سەربازدان لەو گوشارانە سزا دەدرێن.

بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر ڕەفتار یان هەڕەشەیەک لەسەر ئەساسی ڕەگەزی، کە ببێتە هۆی، خەسار و تووڕەیی فیزیکی، جنسی و ڕەوانی، دەبێتە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، که‌ حیجابی زورەملێ لە ئێراندا یەکێک لە ئامرازەکانی سەرەکیی توندوتیژییە.

ئەو توندوتیژی و گوشارە تا ئاستێک بەرز بووەتەوە کە ژن لەنێو ترۆمۆبیل یان تانانەت لە پەیجی شەخسیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێ حیجابی هەبێت و تەنانەت بەپێی گۆشار و هێرشی فەرهەنگیی داگیرکەر ژن لە ماڵی خۆشیدا ناتوانێت بە ئازادانە جلوبەرگی دڵخوازی خۆی لەبەر بکات.

هەرچەند وەکوو هەمیشە یاسای داگیرکەر گرفتێکی گەورەیە لە بەرامبەر مافە ڕەواکانی مرۆڤ لە ئێراندا و تەنیا بە ڕووخان و لەنێوچوونی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گرفت و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر دەبێت، بەڵام تاکەکان بەتایبەت ژنان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگا و هەر وەک نیوەی کۆمەڵ ناویان دەبرێت و پرسی ژن و گێچەڵەکانی بەردەمی ژن چەند بەرابەر زۆرترە بەنیسبەت پیاو، هەر بۆیە دەبێ لە ڕەوتی خەباتی مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ببنە پێشەنگ و بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگایەک کە ژن پێشەنگایەتیی بکات سەرکەوتوو دەبێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.