کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیجابی بە زۆرەملێ و چوارچێوەدارکردنی ژیانی ژن

11:26 - 21 پووشپەڕ 2722

ئاکۆ عەلیزادە

پێشەکی:

لە ڕۆژانی ڕابردوو کایەی ڕێژیم لەمەڕ گوشاری زیاتر بۆ سەر ژنان و سنووردارکردنی حەز و خولیاکانیان وەک تاکێک لە هەڵبژاردنی جل و بەرگ دەستی پێ کرد .

سیاسەتی دژە مرۆیی و دژی ڕەگەزیی ژن لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا شتێکی نامۆ و جێگای سەرسووڕمان نییە هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی ژنان لە تەواوی ڕەهەندەکانی ژیانەوە هەستیان بە چەوسانەوەیەکی زیاتر لە پیاوان کرد و ڕێژیم هەر لە هەڵاواردنە پیشەییەکانڕا بگرە تا مافی تەڵاق و هەروەها ڕەواییدان بە توندوتیژیی دژی ئافرەتان چراسەوزی بۆ سەرکوتی ژنان نیشان دا و زۆر لە خەڵکانی نائاگا کەوتنە داوی ڕێژیم و بێ ئەوەی ئاگادار بن لە سەرکوتی دایک و خوشک و هاوژینەکانیان هاوکاری ئەو سیاسەتە دژە مرۆییەیان کرد. لەو بابەتەوە حیجابی ئیجباری پرسێک بووە کە هەر تاو ناتاوێک ڕێژیم دەیکاتە بیانوو بۆ سەرکوتی ژنان و ترسی خۆی نیشان دەدا .

تەوەر:

شێوازی پۆشین یەکێکە لە چەندەها مافی تاکە کەسی کە لە ئێران بەرەوڕووی هەڵوێستی ئاخوندەکان بووەتەوە و بڕیاری سەیر و سەمەرەی خۆیان بەسەردا داوە .

لە هەلومەرجێکدا کە خەڵک بەدوای ڕووخانی ڕێژیمن و دەیانهەوێت ئەو دیکتاتۆرانە لە ساحەی دەسەڵاتی ئێران بسڕنەوە ڕێژیم بە مۆرەکانی و بە کەڵکوەرگرتن لە ڕاگەیاندەکانی خۆی هەوڵی بەلاڕێدابردنی ئەو شۆڕشە تازە گڕگرتووە دەدا. ناڕەزایەتیی ژنان و وەجوابهاتنیان لەسەر مافەکانیان جۆرێک لە جۆرەکانی ڕێفۆرمخوازی و چاکسازییە و زەربە لە ساختاری ئەو ڕێژیمە دژە مرۆییە دەدا بۆیە ڕێژیمیش هەستی بەوە کردووە و هەوڵی خۆی بۆ سەرکوتی گرتووەتە بەر. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەر شەقامی ژنان بە دژی حیجابی ئیجباری پارادۆکسی تیۆری و کردەوەی کۆماری ئیسلامی ڕوون بۆوە و ئێستاش  بەهۆی ئەوەیکە خەڵکانی ئێران ئایینی و نەریتی بیر دەکەنەوە دەیهەوێ وەک جارانی پێشوو خەڵک بە دژیاندا بکا و وا نیشان بدات کە بێ ئەخلاقی و ڕووتبوونەوەی لێ دەکەوێتەوە. ئیبراهیم ڕەئیسی جێبەجێکردنی گەڵاڵەی عیفاف و حیجابی کە لە ساڵی ١٣٨٤ قەبووڵ کرا، کردە زۆرەملێ .

بەڵام سەرکەوتنی ژنان لە ئێراندا لەو بابەتەوە حاشا لێ نەکراوە چوونکە ژنان سەرەڕای تەواوی گوشارەکان هیچ کات نەچوونەتە ژێر باری ئەو ستەمەوە و لە ٤ دەیەی ڕابردوودا بە هەموو کەس کە چاوی لەسەر بارودۆخی ژنان کراوە بێ سەلمێندراوە.

لە بواری یاسایی سزادانی کۆماری ئیسلامی لە مادەی ٦٣٨ و تێبینییەکەی ئەو جەخت کراوەتە سەر بابەتی حیجاب و سەرپۆشی بە زۆرەملێ و ئیجباری و لە بۆعدە یاساییەکەیەوە چاوی لێ کراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو یاسا و ڕێسایانەی سزای ئیسلامی لە ڕێژیمدا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٨ یان ٩ ساڵ پێش و یاسایەک نییە کە لە چەند دەیەی پێشترەوە هەبووبێت. لەوێدا بەوە ڕازی بووە کە بە نەختێک جەریمەی ماڵی و زیندانیکران واز بهێنێت بەڵام لە کارگێڕی ئەو یاسایە و لە مۆرەکانی ڕێژیم کە بۆ ئەو کارە ڕاسپێردراون دەبینین کە ئەوان بە نووسراوە جەوهەرییەکانی یاسای خۆشیان پابەند نین و زۆر جار لە شوێنە گشتییەکان و لەبەرچاوی خەڵک بە بەکارهێنانی ئامرازی سەرکوت و بە لێدان و بێڕێزی کەشێکی نالەباری کۆمەڵایەتییان بۆ چاوترسێنکردنی ژنان بەکار هێناوە و لە هیچ ڕێگایەک دەستیان نەپاراستووە ئەوە ڕوونە کە کۆماری ئیسلامی لە وشیاربوونی ژنان و کچان دەترسێت و ئەوە بە گورزێکی لەناکاو بۆ ماڵە سست و لە حاڵی ڕووخانەکەی خۆی دەبینێ. لە وەها بارودۆخێکدا ڕۆڵی پیاوان پڕڕەنگتر لە جاران دێتە پێش چاو و سەرەڕۆییەکانی ڕێژیم دەگەڕێتەوە سەر ئەوەیکە ژنان و پیاوان نەیانتوانیوە بە هاوکاری و پاڵپشتیی یەک بەرەوڕووی ئەو هەڕەشانەی ڕێژیم ببنەوە.

ڕێکخراوەکانی مافی ژنان لە بەرامبەر ئەو کارەی ڕێژیم بانگەوازیان بڵاو کردەوە کە لە دژی ئەو یاسا دژە مرۆیی و دژە ژنە بێنە سەر شەقامەکان و ئەوەیان نیشان دا کە هیچ ترسێکیان لە مۆرە و هەڕەشەکانی ڕێژیم نییە و هاواری پەنگخواردووی ژنان وەک سەپۆلێک بە دژی مەلاکانی تاراندا دەچێت .

خاڵێکی سەرسووڕهێنەر لە بابەت حیجاب و سەرپۆشەوە ئەوەیە چۆنە کە لە بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم و لە بۆنەکانی خۆیان وەک ڕێپێوانەکان و ناشتنی تێرۆریست قاسم سلێمانی حیجاب هیچ کێشە نەبوو و بابەتی قسەکان و خوێنخواردنەوەی بەرپرسان نەبوو بەڵام ئێستا لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بە توندترین شێوە دەبێتە بڕیار؟

هەروەها بە نیشاندانی وێنای بە سەرپۆشەوەی وەرزشوانان و خوێندکاران و بیرمەندانی ژن دەیهەوێ سیاسەت و ئایدۆلۆژیا بەناو ئایینەکەی خۆی بۆ لە ڕێ لادانی بیر و ڕای گشتیی دەوڵەتانی دەرەوە بە کار بێنێ .

ڕێژیم لە کاتێکدا دەتوانێ بە حیجاب و ڕێکارە پەسەندکراوەکانی خۆی فەخر و شانازی بکا کە چەند ڕێگای تری بۆ خەڵک و بۆ ژنان هێشتبێتەوە نەک بە دیکتاتۆری و بە زۆرەملێ بە حیجاب و کردەوەکانی خۆی هەڵبڵێت .

بەڵام ئەوە ڕوونە و حاشا لێنەکراوە کە ڕێژیم زۆر لە مێژە سیمای دڕندەی خۆی نیشان داوە و بە بڕسنەوە سزای قامچی و زیندانیکردنی دوور لە ویژدان و بۆ ماوەی زۆر و بێڕێزی و لە هێندێک جاردا دەستدرێژی کردنە سەر ژنان خۆی سەرشۆڕ کردووە .

دەرەنجام:

سێکۆلار نەبوونی ڕێژیمی ئێران و بڕیاردان بۆ ژیانی تاکەکەسیی خەڵکانی ئێران لەژێر ناوی ئاییندا کەتوارێکی ڕوونە کە ئەمڕۆ بەسەر خەڵکی ئێران و ژنان بەتایبەتی دێت و بە دژە مرۆییترین شێوە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا سیمای خۆی نیشان دەدا هەروەها ڕێژیم ئەوەی سەلماند کە دین و ئاینییان تەنیا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و مانەوەی خۆیان دەوێت و چ حیجاب و چ هەر کارێکی تر کە بەلای بەرژەوەندییەکانی ئەواندا خواربێتەوە و سوودی لێ ببینن پێویست بە ڕێگری ناکا.

بەڵام ژنانی کۆمەڵگای ئەوڕۆیی ئێران وشیارتر لە هەر کاتێکی تر و وەک شەپۆلێک لە هاوار کە بە توندوتیژی و هەڕەشە و گوڕەشە ناتوانن سەرکوتی بکەن بۆ مافی سروشتیی خۆیان هاتۆتە سەر شەقامەکان و زەربێک دەبێ بۆ بنەما پووچەکانی بڕیارەکانی تاران و ئەوە حاشا لێنەکراوە کە نەتەنیا ناترسێن بەڵکوو ترسێکی گەورەیان لە دڵی ڕێژیمی تاران خستووە .

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.