کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵا لە بارەی گەیاندنی یارمەتی بە لافاولێدراوان چەواشەکاری دەکات

12:59 - 19 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، ئامریکا بەوە تاوانبار دەکات، کە بۆ گەیاندنی یارمەتی بە لافاولێدراوان لەمپەر دروست دەکات.

گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "ئامریکا لە ڕێگای گەمارۆوەکانەوە بەشێوەیەکی "وەحشییانە" پێش بە گەیاندنی یارمەتی بۆ لافاولیدراوانی ئێران دەگرێت".

هەروەها وتوویەتی: "وڵاتی ئامریکا بۆ گەمارۆ خستنەسەر سپای پاسداران و دانانی ناوی لە لیستی تێرۆردا پلانداڕێژی دەکات، لە حاڵێکدا کە سپا و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ڕۆڵێکی گەورەیان لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ لافاوەکان و گەیاندنی یارمەتی بۆ لافاولێدراوان و دەربازکردنیان لە لافاوەکان  گێڕاوە".

ئەو بەیاننامەیەی حیزبوڵڵای لوبنان لە کاتێکدایە، کە خەڵکی لافاولێدراو زیاتر لە هەر پێداویستییەک پێویستییان بە دەرمان و خواردەمەنی و شمەک و پۆشاک هەیە و ئەو پێداویستییانەش لە لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکادا نین و خەڵک بە شێوەی خۆڕسک یارمەتی خەڵکی لافاولێدراو دەدەن و تەنانەت ئیتلاعات و سپای پاسداران و هیلال ئەحمەری ڕێژیم پێش بە گەیاندنی یارمەتییەکانی خەڵک بۆ لافاولێدراوان دەگرن.

هەروەها هۆکاری سەرەکیی لافاوەکانی ئەو دواییانە لە ئێراندا، لە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم بەتایبەت دوو ئورگانی ڕێژیم، "ستادی بوحرانی ڕێژیم" و" ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانـ"ـی ڕێژیمەوە سەرچاوە دەگریت و تەنانەت لە جیاتی یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی لافاولێدراو هێرش دەکەنە سەر خەڵکی لێقەوماو و دەیانکوژن.