کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵا: لە ئەگەری ڕوودانی شەڕدا، ڕوخساری ناوچەکە دەگۆڕین

18:30 - 11 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا، لە هەڕەشەیەکدا باسی لەوە کردووە کە ئەگەر شەڕ ڕوو بدات، هەموو ناوچەکە دەسووتێت.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی جۆزەردان، ''حەسەن نەسروڵڵا''، ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا، لە وتارێکدا بە بۆنەی ڕۆژی قودس باسی لەوە کرد کە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان ئامریکا و ئێراندا، شەڕ هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ، هەموو هێزەکان و بەرژەوندییەکانی  ئامریکا لە ناوچەکەدا لە بەیین دەچێت.

"حەسەن نەسروڵڵا" هەروەها وتوویەتی: "ئەگەر لە ناوچەکەدا شەڕ ڕوو بدات، ئیسرائیل و عەرەبستان بەهاکەی دەدەن."

ناوبراو هەڕەشەی کرد کە حیزبوڵڵا بە ڕادەی پێویست مووشەکی خاڵپێکی هەیە کە دەتوانێت ڕوخساری ناوچەکە بگۆرێت.

ئەو قسانەی "حەسەن نەسروڵڵا" لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران سالانە نزیک یەک میلیارد دۆلار پشتیوانیی ماڵی لەم گرووپە تێرۆریستییە دەکات.

لە ئێستادا، ڕێژیمی ئێران بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا، توانایی پشتیوانیی لەم گرووپانەی نەماوە. بە شێوەیەک ئەو ڕێژیمە بەهۆی ئەوەی کە لە دابینکردنی بوودجەی ئەم تێرۆریستانە تووشی کێشەی جیددی بووەتەوە، ناچارە کە هێزەکانی حیزبوڵڵا لە خاکی سووریە بباتە دەرەوە.

ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە و بەرەوپێشبردنی سیاسەتە تێکدەرانەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە گرووپگەلێکی تێرۆریستی دروست کردووە، کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێژیمەوە پاڵپشتیی دارایی، سەربازی، سیاسی و لە لایەن لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، فەرماندەییان دەکرێت.